فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆمەڵێک هەنگاو بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران دەگرنەبەر

K24 – هەولێر

فراکسیۆنە کوردستانییەکان جگە لە نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بڕیاریاندا کۆمەڵێک هەنگاو بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دانانی سنوورێک بۆ برسی کردنی خەڵک بگرنەبەر.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان لەگەڵ خوشک و برایانم لە فراکسیونە کوردستانییەکان جگە لە نەوەی نوێ، بڕیارماندا کۆمەڵێک هەنگاو بگرینەبەر بۆ دابینکردنی مووچەی خەڵکی کوردستان و دانانی سنوورێک بۆ برسیکردنی خەڵک، بۆیە هەنگاوی یەکەم کێشەکەمان رۆژی شەممە بردە پەرلەمان و هاوسۆزییەک دروست بوو، کۆمەڵێک بریاردرا".

ئاماژەی بەوەشکردووە: "هەمان رۆژ لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەگەڵ دکتۆر فواد حوسێن و بە روونی داوامان کرد دەبێت سنوورێک بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابنرێت بەتایبەتی دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم سەرجەم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە، بڕیاردرا رێگە چارەیەک بدۆزرێتەوە، بەڵام دوێنێ لەگەڵ زۆرێک لە هێزە سیاسییەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمانیش باسم لەوە کرد ئێمە وەکو نوێنەرانی کورد تاکۆتایی ئەم هەفتە رادەوەستین بۆ چارەسەرکردن و ناردنی مووچەی فەرمانبەران، لە دوای ئەوە هەموو ئەو رێکارانەی پێویستە لە سەرمان دەیگرینەبەر و سەرجەم بژاردەکان لە بەردەم نوێنەرانی خەڵکی کوردستان کراوەن".

شاخەوان عەبدوڵڵا، دەشڵێت: "جیا لەبابەتی بودجە بۆ بابەتی کەرکووک و کۆتای هاتنی عەسکەرتاریەتی شارەکە و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و تەواوکردن لێکۆڵینەوەکان و سزادانی تاوانبارەکان و کێشەی جووتیاران زنجیرەیەک کۆبوونەوە ئەنجامدرا، دوایینیان کۆبوونەوەی دوێنی شەو بوو کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی لەبارەوە درا".

ئەوە لەکاتێکدایە سەرەڕای جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکان لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام بەهۆی نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵ تائێستا نەتوانراوە مووچەی مانگی تەممووز و ئابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت.

.
Fly Erbil Advertisment