سوودانی: له جێبه‌جێكردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان تووشی ئاسته‌نگی گه‌وره بووینه‌ته‌وه
K24 – هەولێر:
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، حكومه‌تی عێراق پابه‌نده به ناردنی شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام له جێبه‌جێكردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان تووشی ئاسته‌نگی گه‌وره بوونه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كانی كه‌ركووك له داهاتوودا ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانی راده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 11ـی ئه‌یلوولی 2023) محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له نوێنه‌رانی كه‌ناڵه ئاسمانییه عێراقییه‌كان سه‌باره‌ت به بوودجه و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، وه‌ك حكومه‌تی فیدڕاڵی له ده‌ره‌وه‌ی یاسا بڕیاریان نه‌داوه، به‌ڵكوو بوودجه و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی مادده‌ی 12ـی یاسای بوودجه‌ی فیدڕاڵی له خه‌رجییه گشتییه‌كان جێی كراوه‌ته‌وه و ده‌بێت بوودجه و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێردرێت و باس له ته‌مویلكردنی بوودجه بۆ هه‌ریمی كوردستان نه‌كراوه. سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كه له جێبه‌جێكردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان تووشی ئاسته‌نگی گه‌وره بوونه‌ته‌وه.
جه‌ختیشیكرده‌وه، كه ده‌بێت حكومه‌تی فیدڕاڵ پابه‌ندی دابینكردنی شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كێشه و ئاسته‌نگ دێته پێش هه‌ر كات كه هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بابه‌ته ده‌درێت، روونیشیكرده‌وه، هه‌ندێك له‌و كێشه ئاسته‌نگییانه په‌یوه‌ندی به داهاتی نه‌وتی و نانه‌ته‌وتییه‌وه هه‌یه. هه‌روه‌ها گوتی، ئێستا هیچ پاره‌یه‌كی كاش له به‌رده‌ستدا نییه بۆ راییكردنی كاروباره ناوخۆییه‌كان بۆیه ئه‌و كێشه‌یه رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه.
گوتیشی، ئه‌وه‌ی له ده‌ستیان بێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نه‌هامه‌تییه‌كانی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. جه‌ختیشیكرده‌وه ده‌بێت حكومه‌ت پابه‌ند بێت به ناردنی شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان. گوتیشی، ده‌سه‌ڵانتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ناتوانێت له ده‌ره‌وه‌ی یاسا مامه‌ڵه بكات و به‌سه‌ر یاسادا باز بدات، به‌ڵام "ئیمه وه‌ك ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌توانین قه‌رز به هه‌رێمی كوردستان بده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بتوانێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابین بكات، ئه‌مه‌شمان له دوایین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران جه‌خت له‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه." جه‌ختیشیكرده‌وه ئه‌و بابه‌ته پێویستی به گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن هه‌یه.
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی شاری كه‌ركووك گوتی، كه‌ركووك شاری برایه‌تی و به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراقه و ده‌بێت هه‌مووان پارێزگاری له ناووبانگه‌كه‌ی بكه‌ن و شاره‌كه له هه‌ر جۆره ورووژاندنێكی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و مه‌زهه‌بی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی بپارێزرێت.
گوتیشی، ئاشكرایه بۆ یه‌كه‌م جار له دوای ساڵی 2005ـوه هه‌ڵبژاردن له‌و شاره ئه‌نجام ده‌درێت، كه ره‌نگه هه‌ڵبژاردنی ئه‌و جاره ببێته هه‌ڵبژاردنێكی نه‌ته‌وه‌یی، كه ئه‌مه‌ش به‌شێكه له‌و دۆخه گرژه‌ی له شاره‌كه دروست بووه.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كه چه‌ندین كێشه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوو له كه‌ركووك هه‌یه، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی دروستبوونی دۆخێكی بێمتمانه‌یی له‌نێوان هێزه سیاسییه‌كان، له ئه‌نجامیشدا هه‌موو ئه‌وانه ده‌بنه هۆی دروستبوون و هه‌ڵگیرسانی رووداو، بۆ نموونه وه‌رگرتنه‌وه‌ی باره‌گاكان له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه پرسێكی بچووكه، به‌ڵام سروشتی رووداوه‌كه و لێكه‌وته‌كانی، ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ناكۆكی و پارادۆكسانه‌یه كه له شاره‌كه‌دا هه‌یه، كه ئه‌مه‌ش ریشه‌ی بابه‌ت و پرسه‌كه‌یه.
جه‌ختیشیكرده‌وه سه‌رجه‌م هێزه سیاسییه‌كان كاتێك ئه‌م كابینه‌یان پێكهێنا، رازی بوون له‌سه‌ر راده‌ستكردنه‌وه‌ی هه‌موو باره‌گاكان له دیاله، نه‌ینه‌وا و كه‌ركووك. گوتیشی له دوایین كۆبوونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت به ئاماده‌بوونی سه‌رۆككۆمار به سه‌ركرده‌ی هه‌موو هێزه سیاسییه‌كانی گوتووه، كه پابه‌ند ده‌بن به‌و به‌رنامه‌یه‌ی حكومه‌ت یاخود پابه‌ند نابن، كه ئه‌گه‌ر پاپه‌ند نه‌بن، به‌و شێوه‌یه شاره‌كه ده‌ورووژێ و قوربانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و هاووڵاتی شه‌هید ده‌بێت.
روونیشیكرده‌وه، كێشه‌ی كه‌ركووك كێشه‌یه‌كی سیاسییه نه‌ك ئه‌منی. هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت له كۆبوونه‌وه‌ی دواییدا به‌و ئه‌نجامه گه‌یشت كه لیژنه‌یه‌كی سه‌ركردایه‌تی هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كه سه‌ردانی كه‌ركووك ده‌كات و چاوی به هه‌موو چالاكییه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كه‌وێت و هه‌وڵ ده‌دات چاره‌سه‌ری پرس و كێشه هه‌نووكه‌ییه‌كان و كێشه‌كانی دیكه‌ش بكات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جه‌خت له‌سه‌ر پاراستن و ئارامی شاره‌كه بكرێته‌وه و رێگه نه‌درێت دۆخی ئارامی شاره‌كه له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا تێك بچێت و رێگه نه‌درێت بشێوێندرێت. هه‌روه‌ها گوتی، بوونی ئه‌نجوومه‌نێكی هه‌ڵبژێردراوی شاره‌كه ده‌بێته هۆی چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كانی كه‌ركووك.
تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ش كه لیژنه‌ی راسپێردراو بۆ لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كانی كه‌ركووك بۆ دیاریكردن و ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی بوونه‌ته هۆكاری ته‌قه‌كردن له كاره‌كانی به‌رده‌وامه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش چه‌ند تۆمه‌تبارێك ده‌ستگیر كراون، ئه‌وانه‌ش ناسراون كه چه‌كیان پێ بووه و خه‌ڵكیان بۆ نانه‌وه‌ی ئه‌و رووداوانه هان داوه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 28 كه‌س ده‌رچووه و له ئایینده‌دا ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانیش راده‌گه‌یه‌نرێت، كه كێ لایه‌ن بووه له خوێنڕشتنی هاووڵاتییانی كه‌ركووك.
سوودانی له‌باره‌ی جووڵه‌ی ئه‌م دواییانه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ناو عێراق و سنووره‌كانی ده‌وروبه‌ری رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی كراوه ته‌نیا جێگۆڕكێی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و گۆڕینه‌وه‌ی به‌رپرساریه‌تییه‌كان بووه له سووریا، هاوكات له لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌و جووڵه‌یه په‌یوه‌ست بووه به بوونی راوێژكارانی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، كه هه‌موویشی به ئاگاداركردنه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق بووه، گوتیشی سه‌ردانییه‌كه‌ی شاندی ئه‌منی عێراق بۆ ئه‌مه‌ریكا زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه.
سوودانی له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌وه كرد، كه عێراق به ئاستێك گه‌یشتووه، پێویستی به بوونی هێزی شه‌ڕكه‌ری بیانی نییه و خۆی توانای پاراستنی هه‌یه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش شاندی ئه‌منی عێراق له ئه‌مه‌ریكا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كردووه‌ته‌وه. روونیشیكرده‌وه لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی عێراقی و ئه‌مه‌ریكی بۆ دیراسه‌كردنی ئه‌و بابه‌ته پێكهێنراوه و له ناوه‌ڕاستی ئه‌و مانگه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر شێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و كاری به‌یه‌كه‌وه‌یی و په‌یوه‌ندییه‌كان له ئێستا و ئایینده له‌و باره‌یه‌وه ده‌كه‌ن.
سه‌باره‌ت به‌یه‌كه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ی هێڵی ئاسنین له‌گه‌ڵ ئێران رایگه‌یاند، عێراق له‌گه‌ڵ هیچ وڵاتێك بۆ گواستنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌ل و كاری بازرگانی رێككه‌وتن ناكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش عێراق هه‌ردوو پڕۆژه‌ی فاو و رێگه‌ی گه‌شه‌پێدانی هه‌یه و ملكه‌چی عێراقه به هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانییه‌وه، هاوكات حكومه‌ت جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژانه ده‌كاته‌وه. گوتیشی، هێڵی ئاسنین له‌گه‌ڵ ئێران ته‌نیا تایبه‌ته به گواستنه‌وه‌ی گه‌شتیاران، كه ئه‌مه وه‌ك پڕۆژه‌یه‌ك بۆ وڵاتانی دیكه‌ش به‌تایبه‌ت وڵاتانی دراوسێ له ئارادایه و وه‌ك بیرۆكه كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت.
سه‌باره‌ت به رێڕه‌وی پشتێنه و رێگه، سوودانی باسی له‌وه كرد، رێگه‌ی گه‌شه‌پێدانی عێراق كورتتره و كه‌مترین تێچووی ده‌وێت له رێڕه‌وی پشتێنه و رێگه، به‌تایبه‌ت ئه‌و رێڕه‌وه نوێیه‌ی له هینده‌وه ده‌ست پێده‌كات تا ده‌گاته ده‌ریای ناوه‌ڕاست، له‌گه‌ڵ رێڕه‌وه‌كه‌ی چین كه زیاتر به رێگه‌ی ئاوریشم ناسراوه. گوتیشی، پڕۆژه‌ی رێگه و هێڵی ئاسنین پیویستی به دیراسه و خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردی ئابووری و دنیای قازانجه‌وه هه‌یه و نابێت له‌سه‌ر میزاجی كه‌سی و پڕۆژه‌ی ماوه‌كورت مه‌بنا بكرێت. جه‌ختیشیكرده‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌موو پارێزگار و وه‌زاره‌ته‌كان دانیشتوونه بۆ دیاریكردنی رێڕه‌وه‌كانی رێگه‌ی گه‌شه‌پێدان. روونیشیكرده‌وه به‌مزووانه كۆنفرانسێك به ئاماده‌بوونی وه‌زیرانی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه ده‌به‌سترێت كه ئاره‌زوو ده‌كه‌ن كاری له پڕۆژه‌ی رێگه‌ی گه‌شه‌پێدان بكه‌ن.
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق سه‌باره‌ت به دۆلار و نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر به نرخی دیناری عێراق، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا كه له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2003ـوه نه‌توانراوه چاكسازی له بابه‌تی دۆلار و به‌های دیناری به‌رامبه‌ر به دۆلار بكرێت، له كاتێكدا ئه‌و بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره به كۆمه‌ڵێك بابه‌تی گرنگ له‌وانه‌ش، گومرك، بانك، رسووم، بازرگانی و سیاسه‌تی ئابووری و بازرگانی و چه‌ندین لایه‌نی دیكه كه هه‌مووان یه‌ك پاكێجن و لێك جیا ناكرێنه‌وه. گوتیشی، بانكی ناوه‌ندی نرخی دۆلاری دابه‌زاند وه‌ك چاره‌سه‌رییه‌ك بۆ بڕیاره‌كانی پێشوو، كه ئه‌م بڕیاره‌ش بڕیارێكی دیراسه‌كراو نه‌بوو و له ئه‌نجامیشدا نرخی دۆلار به‌رز بووه‌وه و زیانی به‌و توێژه گه‌یاند، كه داهاتیان سنوورداره. تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ش، ئێستا بازرگانه راسته‌قینه‌كانی عێراق ده‌چنه سه‌كۆی دراو مامه‌ڵه‌ی بازرگانی و دۆلار ده‌كه‌ن، كه ئه‌و سه‌كۆیه به پێی پێوه‌ره باوه‌ڕپێكراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كار ده‌كات. به گوته‌ی سوودانی، لایه‌نی ئێرانی دۆلاری ناوێت، به‌ڵكو زیاتر مامه‌ڵه به دراوی عێراق و یۆرۆ و پاره‌ی چینی و چه‌ند جۆره دراوێكی دیكه ده‌كات. هه‌روه‌ها گوتی، له ئێستادا هه‌ردوو بانكی عێراق و بانكی ناوه‌ندی ئێران سه‌رقاڵی دانانی میكانیزمێكن بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی، كه ئه‌مه‌ش پشتی بازاڕه هاوته‌ریبه‌كانی دراو ده‌شكێنێت.