کێشەی پیشەوەرانی پیشەسازی پشت پێشەنگاکانی ئۆتۆمبێل لە دهۆک تاوتوێ دەکرێت

K24 - هەولێر:

بڕیارە رۆژی چوارشەممە (13-9-2023) لە پارێزگای دهۆک کێشەیی پێشەوەرانی پیشەسازی پشت پێشەنگاکانی دهۆک تاوتوێ بکرێت.

جەهوەر عەلی، قایمقامی قەزای ناوەندی دهۆک دوای کۆبوونەوەی لە گەل نوێنەرانی پیشەوەرانی پیشەسازی ناڕازی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە رۆژی چوارشەممە بە ئاماەدەبوونی لیژنەی باڵا و پارێزگاری دهۆک، کێشەکە تاوتوێ دەکرێت و بڕیاری پێویست لەم بارەیەوە دەدرێت.

قایمقامی قەزای ناوەندی دهۆک ئاماژە بەوەش کرد، ئەو شوێنانەی پیشەوەران کە لە پشت پێشەنگەکانی دهۆک لەلایەن شارەوانی رۆژهەڵاتەوە داخراون لەبەر پابەندنەبوونیان بوو بەو رێککەوتنانەی کراون، جەهوەر عەلی گوتیشی، دوای ئەوەی لەگەڵ نوێنەرانی پیشەوەرانی ناڕازی کۆبووەوە و گوێی لە داواکاریەکانیان گرت سبەی لەگەڵ پارێزگاری دهۆک و لیژنەی پەیوەندیدار، بابەتە تاوتوێ دەکەن و بڕیاری پێویست دەدرێت و پێویستە هەموو پیشەوەرانی پیشەسازی پشت پێشەنگەکان پابەندی بڕیارەکان بن، هاوکات دووپاتیکردەوە کە هەوڵدەدەن، کێشەکان لە بەرژەوەندی گشتیدا چارەسەربکەن.

لەبارەی پیشەسازیی کۆن کە تا ئێستا چەند کەسێک شوێنەکانیان لەو پیشەسازییە چۆڵنەکردووە، قایمقامی قەزای ناوەندی دهۆک رایگەیاند، لیژنەیەکیان پێکهێناوە و بەم نزیکانە سەردانی ئەو کەسانە دەکات، ئەگەر غەدریان لێکرابێت و بە مافەکانیان نەگەیشتبن ئەوە مافەکانیان بە زیادەوە پێدەدرێت، بەڵام ئەگەر بە مافەکانیان گەیشتبن، دەبێت شوێنەکە چۆڵ بکەن، بەپێچەوانەوە رێکاری پێویست و یاسایی بەرامبەر ئەو کەسان دەگرنەبەر. 

ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە (12ـی ئەیلوولی 2023) ژمارەیەک لە پیشەوەرانی پیشەسازی پشت پێشەنگاکانی دهۆک لە بەردەم سەرۆکایەتی شارەوانی دهۆک کۆبوونەوەیەکی ناڕازیبوونیان ئەنجامدا و داوایان کرد کە شوێنەکانیان بکرێنەوە و نیگەرانبوون لە بڕیاری گواستنەوەیان بۆ ناوچەی پیشەسازیی نوێ.