یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی: نەناردنی پشکی هەرێمی کێشەی ئابووری بۆ هاووڵاتییان دروست دەکات

K24 – هەولێر

یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق تێکەڵ بە بابەتی سیاسی کراوە و نەناردنی کێشەی ئابووری بۆ هاووڵاتییان دروست دەکات.

لە بەیاننامەیەکدا یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "بارودۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق بوژانەوەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕی داعش و بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراق و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و دواتریش پەتای کۆرۆنا، هەرێمی کوردستان کێشەی ئابووری جۆراوجۆری بۆ دروست بوو، ئێستا بەهۆی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق و جێبەجێ نەکردنی ماددەکانی یاسای بودجەی عێراق، بڕین و نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە کە تێکەڵ کراوە بە پەیوەنددییە سیاسییەکان، بووەتە هۆی ئەوەی کێشەی ئابووری بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دروست بێت".

ئاماژە بەوەشکراوە: "ئێمە وەکو یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، دژی جێبەجێ نەکردنی دەستوور و یاسای بودجەی عێراقین و داوا لە پەرلەمان و حکومەتی فیدراڵی دەکەین، هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەپێناو بەردەوامی پێشخستنی پرۆسەی ئابووری هەرێمی کوردستان".