پارێزگاری دهۆک: کەلتووری ئێمە و میسرییەکان نزیکی یەکە

لێدوانی رۆژنامەوانی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
لێدوانی رۆژنامەوانی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک

K24 - هەولێر

پارێزگاری دهۆک پێشانگەیەکی بەرهەمە میسرییەکانی کردەوە و رایدەگەیەنێت، "کەلتووری ئێمە و میسرییەکان نزیکی یەکە و زۆر لەیەکدی دوورنین". دەشڵێت، "خاوەن کەلتوورێکی مێژوویی و دەوڵەمەندین، بەڵام نەماتوانیوە بە شێوەیەکی باش پیشانی بدەین".

ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، لەمیانی کردنەوەی  پێشانگەیەکی بەرهەمە میسرییەکان، رایگەیاند: "دهۆک ناوەندێکی گرنگی نێودەوڵەتییە. ئەم پێشانگەیەی ئەمڕۆ کرایەوە، تەنها بۆ شاری دهۆک نییە، دەتوانرێت بۆ شاری مووسڵ و دەوروبەریشی بەکاربهێندرێت".

پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، "جلوبەرگی میسری بەناوبانگە و ئەوانەی ئەمڕۆ لە پێشانگەکە نمایشکراون، سەدا 100ـیان لە پەموو دروستکراون. کەلتووری ئێمە و میسرییەکان نزیکی یەکە و زۆر لەیەکدی دوورنین؛ شتە هونەری و کەلتوورییەکانیاش بۆ منیش سەرنجڕاکێش بوون".

عەلی تەتەر داوای لە هونەرمەند و پیشەسازانی هەرێمی کوردستان کرد وەکو میسرییەکان کەلتوورە هەزار ساڵییەکەی کوردستان نمایش بکەن، "چونکە ئێمەش خاوەن کەلتوورێکی مێژوویی و دەوڵەمەندین، بەڵام نەماتوانیوە وەکو میسرییەکان بە شێوەیەک پیشانی بدەین کە ببێتە کاڵایەکی بازرگانی".