بەرپرسانی لیبیا داوایان لە رۆژنامەنووسان کردووە دەرەنا جێبهێڵن

K24 - هەولێر

بەرپرسانی لیبیا داوا لەرۆژنامەنووسان دەکەن شاری دەرەنای لیبیا بە جێبهێڵن، تاوەکو تیمەکانی فریاگوزاری کارەکانییان ئەنجامبدەن.

وەزیری فڕۆکەوانی مەدەنی لە حکومەتی رۆژهەڵاتی لیبیا هیشام ئەبوشەکیوات بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، بەرپرسانی وڵات داوایان لە رۆژنامەنووسان کردووە شاری دەرەنا بەجێبهێڵن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ژمارەییەکی زۆری رۆژنامەنووس لەو شارەن و کارەکانی تیمی فریاگوزارییان قورس کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمەش هەوڵێکە بۆ ئەوەی تیمەکانی رزگارکردن کارەکانییان بە شێوەیەکی ئاسانتر و کاریگەرتر ئەنجام بدەن".

ئەمڕۆ چەندین دەزگای راگەیاندن رایانگەیاند، بەرپرسانی لیبیا داوایان لە رۆژنامەنووسان کردووە شاری دەرەنا بەجێبهێڵن.

دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممەی هەفتەی رابردوو، بەهۆی زریانی دانیالەوە، دوو بەنداو لە لیبیا تەقییەوە، کاتێک لافاو دروست بوو، بووە هۆی ڕاماڵینی باڵەخانەکان و گیان لەدەستدانی هەزاران کەس.

هەروەها دەسەڵاتدارانی لیبیا بڵاویان کردەوە، کە بەلایەنی کەمەوە 2300 کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها  تامر رەمەزان، بەرپرسی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور و مانگی سوور گوتی: 10 هەزار کەس بێسەروشوێن بوونە لە ئەنجامی لافاوەکەی شاری دەرەنا.