لیبیا.. بەهۆی لافاوەکەی شاری دەرەنا 10 هەزار کەس بێسەروشوێنن

K24 - هەولێر

ژمارەی ئەوانەی بەهۆی زریانی دانیال، لە شاری دەرەنا لە رۆژهەڵاتی لیبیا، گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 2300 کەس، هەروەها خاچی سوور هۆشداری داوە کە هێشتا 10 هەزار کەس بێسەروشوێنن.

دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، بەهۆی زریانی دانیالەوە، دوو بەنداو لە لیبیا تەقییەوە، کاتێک لافاو دروست بوو، بووە هۆی ڕاماڵینی باڵەخانەکان و گیان لەدەستدانی هەزاران کەس.

هەروەها درەنگانی دوینێ، دەسەڵاتدارانی لیبیا بڵاویان کردەوە، کە بەلایەنی کەمەوە 2300 کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، هەرچەندە هەندێک لە بەرپرسان باسی دوو هێندەی ئەو ژمارەیە دەکەن.

تامر رەمەزان، بەرپرسی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور و مانگی سوور گوتی: هێشتا 10 هەزار کەس بێسەروشوێنن.

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ئێستادا ژمارەیەکی دیاریکراومان نییە،" بەڵام جەختی لەوە کردەوە، کە سەرچاوە سەربەخۆکان بۆ رێکخراوەکە پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ژمارەی بێسەروشوێنەکان تا ئێستا گەیشتووەتە 10 هەزار کەس.

راپۆرتە میدیاییەکان لە زاری گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی رۆژهەڵاتی لیبیاوە دەڵێن: "زیاتر لە 5200 کەس" تەنها لە دەرەنا گیانیان لەدەستداوە.

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور و مانگی سوور رایگەیاند، سێ خۆبەخشی مانگی سووری لیبیا لە یارمەتیدانی قوربانیانی لافاوەکە گیانیان لەدەستداوە.

عوسمان عەبدولجەلیل، وەزیری تەندروستی لیبیا رایگەیاند، "بارودۆخی دەرەنا تا ئێستا کارەساتبارتر دەبێت و هیچ ئامارێکی کۆتایی لەسەر ژمارەی قوربانییەکانیش نییە". ژمارەیەکی زۆر لە گەڕەکەکان نەیانتوانیوە بگەنە ئەو ناوچەیە و پێشبینی دەکەم ژمارەی مردووان بۆ 10 هەزار کەس بەرزببێتەوە.

شارەکە 300 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی بەنغازییەوە دوورە، بە چیاکان دەورە دراوە و بە رووبارێکدا تێدەپەڕێت کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە هاویندا وشک دەبێت، بەڵام ئێستا بووەتە رووبارێکی بەهێزی ئاوی قوڕ کە ژمارەیەک پردی گەورەی لەناو بردووە.

شاری دەرەنا،  نزیکەی 100 هەزار ماڵی تێدایە، زۆرێک لە باڵەخانەکان بەهۆی رووبارەکەەوە ویران بووە، لە کاتێکدا زۆرێک لە ماڵ و ئۆتۆمبێلەکانی خەڵکی ناوچەکە ژێر ئاو کەوتوون.