چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو هەناردەکردنی نەوت دەست پێبکاتەوە
K24 – هەولێر
بەگوێرەی لێدوانی چەند سەرکردەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە دەکرێتەوە.
شارەزایەکی بواری وزە ئاماژە بەوە دەکات، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان سوودی سێ لایەنەی هەیە بۆ عێراق و تورکیا و هەرێمی کوردستان.
سەڵاحەدین ئەحمەد، شارەزای بواری وزە بە کوردستان24ی گوت: "هەرێمی کوردستان ئامادەیە جارێکی دیکە نەوتەکەی هەناردە بکرێتەوە، بەڵام ئەوە پێویستی بە رێککەوتنێکی نوێ هەیە، لەنێوان تورکیا و حکومەتی عێراق، دەبێ لەسەر رێکاری نوێ رێککەوتن بکرێت و گرێبەست بکەن".
لە ماوەی رابردوودا بەهۆی راگرتنی نەوتەکەیەوە، هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا تووشی دانووستانێکی سەخت و دژوار بوو، ئەمە وایکرد ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئاستەنگی بۆ درووست بێت، بە بڕوای چاودێرانی سیاسی هەناردەکردنەوەی نەوت هێزێکی زیاتر بە دانووستانەکانی هەولێر لەگەڵ بەغدا دەبەخشێتەوە.
وەعدی مزووری، چاودێری سیاسی دەڵێ: "هەناردەکردنەوەی نەوت دەبێتە کارتێکی بەهێز بۆ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ئەوکات دەتوانێت لەکاتی دانوستانەکان بەشێوەیەکی باشتر گفتوگۆ بکەن، چونکە بەرپرسانی عێراق دەڵێن هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، بەڵام تائێستا ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق دابین نەکراوە".
