سه‌رۆكی ھەرێم: ئەگەر چارەسەرێكی راستەقینە بۆ موسڵی دوای داعش نەدۆزرێتەوە، بە دڵنیاییەوە كێشەكان قووڵتر دەبن

ناوبانگی خەڵكی كوردستان بۆ لێبوردەیی و پێكەوەژیان دەگەڕێتەوە

- هه‌ولێر

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی بارودۆخی قەیراناویی عێراق و سووریا له‌گه‌ڵ (كریستۆس ستیلیاندێز) كۆمیسیاری باڵای یەكێتیی ئەوروپا بۆ كاروباری مرۆیی و بەڕێوەبردنی قەیرانەكان تاوتوێ ده‌كات كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێك سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌.

 هه‌ردوو لا پێداگرییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرد كه‌ قه‌یرانی سوریا و عێراق هەڕەشەیەكی جددییه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی جیهان و كۆمیسیاری یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و ره‌وشه‌ باس له‌ هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد و سوودوەرگرتن لە بۆچوون و راوێژەكانی سەرۆك بارزانی بە گرنگ وه‌سفكرد.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌  ستایشی خەڵكی كوردستانی كرد بۆ حه‌واندنه‌وه‌ی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەر، نیگەرانی خۆیشی  لە چارەنووسی شاری موسڵ لە قۆناغی دوای داعش ده‌ربڕی.

سه‌رۆك بارزانی سه‌باره‌ت به‌ چارەنووسی موسڵ لە دوای قۆناغی رزگاركردنی رایگه‌یاند بەهۆی بارودۆخی تایبەتی پارێزگای نەینەوا لەڕووی پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و لەپێناو ڕێگەگرتن لە كارەساتی گەورەتر و پاراستنی پێكهاتەكان پێویستە بەر لە رزگاركردنی موسڵ لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی پارێزگای نەینەوا ڕێككەوتنێكی سیاسی ئەنجام بدرێت. ئەگەر چارەسەرێكی راستەقینە نەدۆزرێتەوە، بە دڵنیاییەوە كێشەكان قووڵتر دەبن

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ لایه‌كی تر له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ شاندێكی رێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا ئامادەیی تەواوی دامودەزگەكانی هەرێم بۆ هاوكاری و هەماهەنگی كردن لەگەڵ ئەو ڕێكخراوە ده‌ربڕی و رایگه‌یاند تیرۆریستانی داعش وەحشیگەرییەكی گەورەیان نواند و برینێكی قووڵیان لە جەستەی خەڵكی كوردستان و پێكهاتەكان دروست كرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، گەلی كوردستان بە درێژایی مێژووی خەباتی خۆی تەنانەت بۆ یەكجاریش پەنای بۆ كردەوه‌ی تیرۆریستی نەبردووە و هەمیشە لە خەباتی خۆیدا پابەندی پاراستنی بنەماكانی مرۆڤسالاری بووە.

شاندی رێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ به‌ گرنگ نرخاندنی ڕێنوێنی و فەرمانەكانی سەرۆك بارزانی بۆ ڕەچاوكردنی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی شەڕ داوایان كرد ڕێگە لە پێشێلكاری بگیرێت، كه‌ پێگە و ناوبانگی خەڵكی كوردستان بۆ لێبوردەیی و پێكەوەژیان و ڕەچاوكردنی بنەماكانی مافی مرۆڤ دەگەڕێتەوە.