پێشنیازی کەمکردنەوەی نرخی کارەبا دەکرێت

K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبا لەسەر چەند پرسێک کۆبووەوە، لەوانە پرسی نرخی کارەبا و سیستەمی پریپەید لە هەرێمی کوردستان.
ئەردەڵان دۆسکی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ـی ئەیلوول، بە ئامادەبوونی وەزیری کارەبا و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبا، کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەن بەڕێوەچوو، کە یەکێک لە بڕگەکانی تاوتوێکردنی نرخی کارەبا بوو.
گوتیشی: پێشنیازی ئەوەمان بۆ سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، ئەو نرخەی ئێستا هەیە، بە پاڵپشتی حکومەت کەم بکرێتەوە.
ئەردەڵان دۆسکی روونیکردەوە، لە هەر شوێنێک سیستەمی کارەبای پریپەید هەبێت، بە هەمان نرخی پێشووتر دەبێت کە 18 دینارە بۆ هەر وەحدەیەک، لە شوێنە گرانبەهاکانیش 156 دینارە، بەڵام ئەمڕۆش گفتوگۆ لەوبارەیەوە کرا ئەو نرخەش دادەبەزێت و لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، کە پێشنیازی ئەوەیان کردووە پارەی کارەبا بۆ 100 دینار کەمبکرێتەوە و رێژەی زیادەی سەدا 12 کە لەلایەن خاوەن پرۆژەکانەوە دانراوە، ئەویش نەمێنێت.
سەبارەت بە پێوەری زیرەک، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند: سەدا 97ـی قۆناغی یەکەمی پێوەری زیرەک کۆتایی هاتووە و ئێستا بەرەو قۆناغی دووەم دەچین.