ڤیزت کوردستان دوو خەڵاتی جیهانی لە بواری گەشتوگوزاردا بەدەست دەهێنێت

لە دەستکەوتێکی نوێی نێودەوڵەتیدا بۆ کەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، پلاتفۆرمی "ڤیزت کوردستان" لە مەراسیمی ساڵانەی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گەشتوگوزاری جیهانی 2026 لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، دوو خەڵاتی گەورە و باڵای نێودەوڵەتیی پێبەخشرا.

رێوڕەسمەکە لە مۆزەخانەی شاهانەی هونەرە جوانەکانی بەلجیکا لە شاری برۆکسل، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی "کۆڕبەندی گەشتوگوزاریی جیهانی" (Global Tourism Forum) بەڕێوە چوو، کە تێیدا نوێنەری دەیان وڵات، شارەزایانی نێودەوڵەتی و کەسایەتییە دیارەکانی کەرتی گەشتوگوزاری جیهان ئامادەی بوون.

لەو مەراسیمەدا، هەرێمی کوردستان لە رێگەی پلاتفۆرمی فەرمیی "ڤیزت کوردستان"ەوە دوو خەڵاتی نایابی جیهانیی بردەوە:

1. خەڵاتی باشترین ئەزموونی گەشتوگوزاریی دیجیتاڵی بۆ ساڵی 2026 (Best Digital Tourism Experience): ئەم خەڵاتە بەهۆی پڕۆژەی گەشتی مەجازیی سێ رەهەندی (3D Virtual Reality) بۆ قەڵای دێرینی هەولێر بەدەست هات، کە لە رێگەی داهێنانی تەکنۆلۆژییەوە رێگە بە گەشتیارانی جیهان دەدات لە دوورەوە بە کۆڵان و شوێنەوارەکانی قەڵادا بگەڕێن و شارەزای مێژووەکەی بن.

2. خەڵاتی باشترین رووگەی کەلەپوور و میرات بۆ ساڵی 2026 (Best Heritage Destination): ئەم خەڵاتەش وەک دانپێدانانێکی نێودەوڵەتییە بە دەوڵەمەندیی مێژوویی، شوێنەواری و کولتووریی خاکی کوردستان کە دەبێتە جێی سەرنجی گەشتیارانی بیانی.

لە پەراوێزی وەرگرتنی خەڵاتەکاندا، نوێنەرانی پلاتفۆرمی ڤیزت کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ بارزان حەسەن پەیامنێری کوردستان24 لە برۆکسل دڵخۆشی و شانازیی خۆیان بەم سەرکەوتنە گەورەیە دەربڕی.

هەڵمەت کێستەیی ، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان لە ڤیزت کوردستان، رایگەیاند: "ئەمە رۆژێکی پڕ لە شانازییە بۆ هەموو گەلی کورد. لە کۆڕبەندێکی وەها نێودەوڵەتی و لە بەردەم نوێنەرانی وڵاتانی جیهاندا، بەدەستهێنانی ئەم دوو خەڵاتە بەڵگەی ئەوەیە کە کوردستان لە ڕووی مێژوو، شوێنەوار و شارستانییەتەوە پێگەیەکی جیهانیی هەیە و لە ریزی پێشەوەی وڵاتاندایە."

هاوکات دانیە قادر، بەڕێوەبەری پرۆژەکانی ڤیزت کوردستان بە جلوبەرگی کوردییەوە خەڵاتەکەی لەسەر شانۆ وەرگرت، لە لێدوانەکەیدا سەرنجی خستە سەر پڕۆژە دیجیتاڵییەکەی قەڵای هەولێر و گوتی: "ویستمان لە رێگەی تەکنۆلۆژیای سێ رەهەندییەوە (3D) دەروازەیەک بۆ هەموو جیهان بکەینەوە تاوەکو مێژووی قەڵا و جوانییەکانی کوردستان ببینن، بە شێوەیەک گەشتیاران پێش ئەوەی سەردانی کوردستانیش بکەن، هەست بە قووڵیی مێژوو و کولتوورەکەمان بکەن. ئەم خەڵاتە بەرهەمی ئەو داهێنانەیە و هاندەرێکی گەورەیە بۆ ئەوەی زیاتر پێشکەوتن بە کەرتی گەشتوگوزار ببەخشین."

بەدەستهێنانی ئەم دوو خەڵاتە نێودەوڵەتییە لە پایتەختی یەکێتیی ئەوروپا، وەک دەستکەوتێکی گرنگ دادەنرێت لە ناساندنی زیاتری سامانی دەوڵەمەندی کەلەپووری، مێژوویی و سروشتیی کوردستان بە جیهان و راکێشانی گەشتیارانی بیانی لە رێگەی نوێترین شێوازەکانی تەکنۆلۆژیا و گەشتوگوزاری دیجیتاڵییەوە.

"ڤیزت کوردستان" (Visit Kurdistan)، دەستپێشخەرییەکی هاوبەشی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەتە، بە ئامانجی رێکخستن، پەرەپێدان و بوژاندنەوەی کەرتی گەشتوگوزاری هەرێم، هەروەها ناساندنی کولتوور، دیمەنە سەرنجڕاکێشە سروشتییەکان، شوێنەوارە مێژووییەکان و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان بە گەشتیاران و وەبەرهێنەران لە سەرتاسەری جیهاندا.

ئەم پلاتفۆرمە بە فەرمی لە رۆژی سێشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2025، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر راگەیەندرا.

لە گوتاری دەستپێکردنی پڕۆژەکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەرنجی خستە سەر نەخشەڕێگەی ستراتیجیی کابینەی نۆیەم بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و رایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجیەتی لە رێگەی کاراکردنی هاوبەشیی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت، لە ماوەی 10 ساڵدا تا ساڵی 2035 بتوانێت 20 ملیۆن گەشتیاری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان رابکێشێت، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و رەخساندنی هەزاران دەرفەتی کار بۆ گەنجانی کوردستان.

کۆڕبەندی گەشتوگوزاریی جیهانی (GTF) چییە؟

کۆڕبەندی گەشتوگوزاریی جیهانی (Global Tourism Forum - GTF) سەکۆیەکی نێودەوڵەتیی پێشەنگە لە بواری گەشتوگوزار و وەبەرهێناندا، کە سەر بە دامەزراوەی "پەیمانگەی کۆڕبەندی گەشتوگوزاری جیهانی"یە. ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆڕبەندە داڕشتنی دیدگا و سیاسەتی نوێیە بۆ داهاتووی گەشتوگوزاری نێودەوڵەتی، هاندانی وەبەرهێنانی بەردەوام و بەستنەوەی بازاڕە گەشەسەندووەکان بە کەرتە نێودەوڵەتییەکانەوە.

کۆڕبەندەکە ساڵانە زنجیرەیەک کۆبوونەوە و لوتکەی نێودەوڵەتی بە بەشداریی وەزیرانی گەشتوگوزار، سەرکردەکانی جیهان، خاوەنکاران و وەبەرهێنەرانی سەرەکیی ئەم بوارە لە پایتەختە جیاوازەکاندا رێکدەخات. لە پەراوێزی ئەم کۆڕبەندەشدا، لە رێگەی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گەشتوگوزاری جیهانی (World Tourism Awards)، رێز لەو وڵات، دەستپێشخەری و پلاتفۆرمانە دەنرێت کە لە رێگەی داهێنانی تەکنەلۆجی، پاراستنی شوێنەوارە دێرینەکان و پێشکەشکردنی ئەزموونی نوێی گەشتیاری، سەرکەوتنی گەورە لەسەر ئاستی جیهان تۆمار دەکەن.