وەزارەتی کارەبا: پێشنیازمان کردووە نرخی کارەبای 24 کاتژمێری هەموار بکرێتەوە
K24 – هەولێر:
وەزارەتی کارەبا پێشنیاز بۆ ئەنجوومەنی وەزیران دەکات کە نرخی کرێی کارەبای 24 کاتژمێری ستییەکان و کارگەکانی پیشەسازی هەموار بکرێتەوە و بارودۆخی گوزەرانی هاووڵاتییان و کارگەکانی پیشەسازی لەبەر چاو بگیرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (21ـی ئەیلوولی 2023)، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، وەزارەتی کارەبا لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی راوێژکاریی خۆی، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی لە یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2021 ماددە (4)ـی بڕگەی (4)ـی ئەنجوومەنی وەزارەت پێی دراوە، دەتوانێت بە رەچاوکردنی بارودۆخی هاووڵاتییان پێشنیاز لەسەر کەمکردنەوە یان زیادکردنی پاڵپشتیی حكومەت بۆ نرخی کارەبا بکات.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، وەزارەتی کارەبا پێشنیاز بۆ ئەنجوومەنی وەزیران دەکات نرخی کرێی کارەبای 24 کاتژمێری ستییەکان و کارگەکانی پیشەسازی هەموار بکرێتەوە و بارودۆخی گوزەرانی هاووڵاتیان و کارگەکانی پیشەسازی لەبەر چاو بگیرێت.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەکردووە، تەنیا لەکاتی وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازەکان دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، پێشنیازەکانش برتین لە:
-پاڵپشتیی دارایی حکومەت بۆ کرێی کارەبای ستییەکانی 24 کاتژمێری لە 156 دینارەوە بۆ 100 دینار کەم بکرێتەوە.
-پاڵپشتیی دارایی بۆ کارەبای کەرتی پیشەسازیی (کارگەکانی چیمەنتۆ و ئاسن) لە 120 دینارەوە بۆ 90 دینار کەم بکرێتەوە و بۆ کارگەکانی دیکەش بکرێتە 100 دینار.
-بەستنی سیستەمی پریپەید بۆ سەرجەم هاوبەشانی کارەبا بە نرخی ئێستای کارەبا بێت و بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیی بە نرخ و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەباوە نەبێت.
-پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکانی پێدانی کارەبا بکرێت.