ئەستێرەیەکی تیک‌تۆک لەسەر خواردنی گۆشتی بەراز سزای دوو ساڵ زیندانی بۆ دەردەچێت

لینا لوتفیاواتی
لینا لوتفیاواتی

K24 - هەولێر:

ئەستێرەیەکی تیک‌تۆک لە ئیندۆنیزیا لەسەر خواردنی گۆشتی بەراز لەیەکێک لە ڤیدیۆکانیدا، سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەردەچێت.

لینا لوتفیاواتی، ئەستێرە و (ئینفلوێنسەر) کارتێکەرێکی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە لە ئیندۆنیزیا و بە ملیۆنان کەس بینەری ڤیدیۆکانین.

لینا لە مانگی سێی ئەمساڵ لە یەکێک لە ڤیدیۆکانیدا گۆشتی بەرازی تاقیکردووەتەوە و ئەمەش کاردانەوە و تووڕەیی گەلی ئیندۆنیزیای لێکەوتووەتەوە کە زۆرینەی موسڵمانن.

لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە لەسەر سکاڵای پارێزەرێک بەناوی ساپریادی سامسودین، لینا دادگایی کرا و بەتۆمەتی "کوفرکردن" سزای دوو ساڵ زیندانی و پێبژاردنی 16 هەزار و 269 دۆلاری بەسەردا سەپێندرا.

لە شەریعتی ئیسلامدا، گۆشتی بەراز یەکێکە لە خواردنە حەرامکراوەکان و لە ئیندۆنیزیای زۆرینە موسڵمان، ئەو خواردنە لە موسڵمانان قەدەغە کراوە.

ژمارەی دانیشتوانی ئیندۆنیزیا نزیکەی 275 ملیۆن کەسە و سەدا 90ـی موسڵمانن.

لینا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: لەسەر ئەو رەفتارەم زیاتر لە چەند جارێک داوای لێبوردنم کردووە، دەزانم ئەوەی کردوومە هەڵەبووە، بەڵام چاوەڕێم نەدەکرد سزاکەم دوو ساڵ زیندانی بێت.