نەوزاد شێخ کامیل: لە ئاییندەیەکی نزیکدا بەغدا بەشێکی دیکەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێم دەنێرێت

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، دەڵێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا بەشێکی دیکەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەگات و بەسەریاندا دابەش دەکرێت، هاوکات گوتیشی: هیچ کێشەیەک لە ناردنی شایسەداراییەکانی جووتیاران لەلایەن بەغداوە نییە، ئاماژەی بەوەدا، لە هەولێر و دهۆک لە هەفتەی رابردوو بڕە پارەیەک دابەشکرا، لە هەفتەی داهاتووش لە سلێمانی دابەش دەکرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی دوا هەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، ئێمە ئەمساڵ لە 27ـی 5 دەستمان بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کرد لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان، لە 15ـی 7 وەرگرتنی گەنمی جووتیارانیش کۆتایی هات، دواتر وابڕیاربوو کە هەر 10 رۆژ جارێک لە رێگەی بانکەکانەوە شایستەداراییەکان بەسەر جووتیاران دابەش بکرێت.

هاوکات راشیگەیاند، "بەهۆی پەسەندکردنی بودجە هەندێک کێشەی ئیداریی دروستبوو، وەزارەتی بازرگانی داوای کردبوو لە حکومەتی عێراق تا چوار ملیۆن تۆن گەنم وەردەگیرێت ئەمساڵ پارەی ئەو بڕە گەنمەیان بۆ تەخانکرابوو، دواتر دەرکەوت گەنمێکی زیاتر هەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆیە گەنمەکە گەیشتە پێنج ملیۆن و 190 هەزار تۆن، ئەم بڕەش پارەی بۆ تەرخان نەکرابوو، دواتر وەزارەتی بازرگانی عێراق داوای لە ئەنجوومەنی وەیزیران کرد کە بڕێک پارەی دیکەیان بۆ تەرخان بکەن، ئەوە بوو ترلیۆنێک و 290 ملیاریشیان بۆ تەرخان کرد، تا ئەو بڕە پارەیە رەزامەندی بۆ دەرچوو ماوەیەکی پێچوو بووە هۆی دواکەوتی پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستانیش".

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: بڕیار بوو 411 ملیار و 24 ملیۆن و 196 هەزار بۆ هەرێمی کوردستان بنێدرێت، بەڵام تا ئیستا 233 ملیاری لەلایەن بەغداوە نێردراوە، ئەو 107 ملیارەی لە هەفتەی پێشوو هات لە هەولێر و دهۆک دەست بە دابەشکردنی کراوە بەسەر جووتیاران، لە سلێمانیش لە هەفتەی داهاتوو دەست دەکرێت بە دابەشکردنی، ئەو بڕەشی کە ماوە ئومێد دەکەین لە ئایندەکی نزیکدا رەوانە بکرێت.

نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوەدا، وەزیری بازرگانی عێراقش رایەگەیاندبوو، "لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیەی کە ماوە دەکرێت، هیچ مەترسییەک لەسەر ناردنی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نییە لەلایەن بەغداوە، پارەکە تەرخان کراوە و رەزامەنەدی ئەنجوومەنی وەزیرانیشی بۆ وەرگیراوە، لە ماوەیەکی نزیکدا دەگاتە هەرێمی کوردستان.

ئەوەشی خستەڕوو، "ئەوە چەکانەی  کە دێت  لە بەغداوە جارێکی دیکە دەبێت بچێتەوە بانکی ناوەندی و دووبارە راستی و دروستی بۆ بکرێت، هەموو چەکێکیش دەبێت 72 کاتژمێر لەسەری بوەستین تاوەکوو راستی و دروستی بۆ دەکرێت، دواتر رێکارە داراییەکانی دەست پێ دەکات، دواتر دەبێت پارەکە لەو بانکەوە بنێردرێت بۆ ئەو بانکانەی کە ئێمەوە لەوێوە دابەشی سەر جووتیاران دەکەین، هەندێک بانەکەکان پارەیان تێدا نییە و دابەشکردنی شایستەداراییەکان کەمێک دوا دەکەوێت، لە سلێمانیش کێشە نییە لە هەفتەی ئاییندە شایسەداراییەکان دابەش دەکرێت".

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، گوتی: "بەپێی رۆژی وەرگرتنی گەنم لە جووتیار، رۆژی پێدانی چەکەکەی بۆ دەستنیشان دەکرێت، لە  شارەکانی کوردستان بانکی تایبەت هەیە لەوێوە پارەکە وەردەگرن".

گوتیشی: "ئەو بڕەی کە ماوە داوامان کردووە بە یەک جار بگاتە دەستمان، بەڵام لەو بڕوایەدانیم بە یەکجار بگات لەلایەن بەغداوە".

رۆژی (19ـی ئەیلوولی 2023)، سەروەر هاواری، بریكاری وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ته‌واوی شایسته‌ داراییه‌كانی ئەمساڵی جووتیاران ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌ژماری پارێزگاكانی هه‌رێم و لایه‌نی عێراقیش زامنی ئه‌وه‌یان كردووه.

رۆژی 27ـی ئایاری 2023، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و دوای ئەوەی بەغدا بڕی 375 هەزار تۆنی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دیاریکردبوو، شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی بەغدای کرد و ئەو بڕەیان زیادکرد و بڕیاردرا بەشێوەی کراوە گەنمی جووتیاران وەربگیرێت.

هاوکات دوای سەردانەکە بڕەکە زیادکرا و وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی عێراق بڕیاریدا 500 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەربگرێت؛ بەم شێوەیە، نزیکەی 230 هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، 145 هەزار تۆن لە سنووری پارێزگای هەولێر و 125 هەزار تۆن گەنمی دیکەش لە سنووری پارێزگای دهۆک و نرخی هەر تۆنێکیش 850 هەزار دینار دیاریکردبوو.

Fly Erbil Advertisment