هەوڵی ژمارەیەک پەرلەمانتار دژی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان شکستی هێنا

دیناری عێراقی - فۆتۆ: رێباز سیان
دیناری عێراقی - فۆتۆ: رێباز سیان

K24 - بەغدا

ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، گوشاریان لە بانکی تی بی ئای، رەشید و رافیدەین کردووە ئەگەر بڕی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان لەسەر تۆماردەکەن، پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت: هەوڵی ئەو پەرلەمانتارانە شکستی هێناوە و لەم هەفتەیەدا ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، بانکی تی بی ئای بڕی 200 ملیار و بانکەکانی رەشید و رافیدەینیش هەر یەکە و بڕی 250 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرن.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، گوشاریان لە بەڕێوبەری بانکەکان کردووە کە پارە بە هەرێمی کوردستان نەدەن، چونکە ئەوان لە دادگای فیدراڵی لەسەر ئەم هەنگاوە سکاڵایان لەسەر تۆماردەکەن، بەڵام لە دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ لیژنەی دارایی پێیان راگەیاندوون، کە نابێت چیتر کۆسپ لەبەردەم ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەن.

سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردستان24ی گوت: "ئەو پەرلەمانتارانە کە هەموویان لە فراکسیۆنەکانی شیعەکانن، کۆبوونەوەیەکیان کردبوو کە بانکەکان بترسێنن، بە بانکەکانیان گوتوە ئەگەر پارە بنێرن سکاڵاتان لەسەر تۆمار دەکەین، بەڵام سکاڵاکەیان رەتکرایەوە و لە رۆژانی داهاتوودا پارەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان".

ئەو دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینارەی کە حکومەتی عێراق بڕیاری لێداوە بۆ سێ مانگ بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرێت دواتر لە پاکتاوی دارایی لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دەبڕدرێت، بۆیە ناردنی ئەم بڕە پارەیە بۆ هەرێم هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە.

لەوبارەوە هادی سەلامی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "رێکارەکانی خەرجکردنی پارەکە لە وەزارەتی دارایی دەردەچێت، بەڵام بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران روونە، کە دەڵێن دواتر ئەم بڕە پارەیە لە پشکی سەرەکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دەبڕدرێت بەپێی ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێداوە".

Fly Erbil Advertisment