وەزیری ناوخۆی عێراق: لەماوەی 72 کاتژمێردا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی رووداوەکەی حەمدانیە رادەگەیێندرێت

وەزیری ناوخۆی عێراق
وەزیری ناوخۆی عێراق

K24 - هەولێر

وەزیری ناوخۆ، عەبدولئەمیر ئەلشەمەری رایگەیاند، لە ماوەی 72 کاتژمێردا ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی حەمدانیە رادەگەیەنرێت.

وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، " وەزیری ناوخۆ، عەبدولئەمیر ئەلشەمەری سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد لە پارێزگای نەینەوا لەگەڵ لیژنەی لێکۆڵینەوە کە بە فەرمانی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان پێکهێنرابوو، بۆ زانینی بارودۆخی رووداوەکەی قەزای حەمدانیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم رووداوە ناخۆشە لەماوەی 72 کاتژمێردا، رادەگەیەنرێت و دەخرێتە بەردەم سەرۆکی حکومەت بۆ لێپرسینەوە لەوانەی کەمتەرخەم بوون" روونیشیکردەوە، لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان نەبوونی بارودۆخی سەلامەتی و ئەمنی لەم هۆڵەدا پشتڕاست دەکەنەوە، کە نزیکەی 1900 کەسی تێدابووە.

هەر لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، "دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە 14 تۆمەتبار دەستگیربکەن، لەنێویاندا 10 کرێکار، خاوەنی هۆڵەکە، هەروەها 3 کەسی دیکە کە تێوەگلاون لە گڕگرتنی یارییە ئاگرینەکان لەکاتی رووداوەکەدا، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 100 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 150 کەس و بێسەروشوێن بوونی ژمارەیەکی دیکە.

جەختیش لەسەر ئەوە کرایەوە کە هەڵمەتێکی گەورە بۆ داخستنی هەموو ئەو شوێنانەی کە رێوشوێنی سەلامەتییان نییە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکردووە.

 

 

 

 

Fly Erbil Advertisment