وەزیری بازرگانی تورکیا: قەتەر بەبەهای 20 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە تورکیا کردووە

عەمەر پۆڵات
عەمەر پۆڵات

K24 - هەولێر

وەزیری بازرگانی تورکیا رایگەیاند، 220 کۆمپانیای قەتەری پرۆژەی گرنگیان لە تورکیا جێ بەجێ کردووە، کە وەبەرهێنانەکانی ئەو کۆمپانیایانە زیاتر لە 20 ملییار دۆلار بووە.

عومەر پۆلات، وەزیری بازرگانی تورکیا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر گوتی: "قەتەر و تورکیا هاوبەشی ستراتیژیان هەیە، لەو ساڵانەی کۆتاییدا، پەیوەندییەکانمان لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری بەلێندەرایەتی و گەشتیاری گەیشتووەتە لوتکە".

ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا وەبەرهێنانی گەورەی لە قەتەر کردووە، لێرە 727 کۆمپانیای تورکی کاردەکەن، هەروەها 220 کۆمپانیای قەتەریش لە تورکیا کاردەکەن.

پۆلات دەشڵێت: بەلێندەرانی تورکیا پڕۆژەی گەورەیان لە پەرەپێدانی ژێرخانی قەتەر جێ بەجێ کردووە، هەروەها بەسەرکەوتوویی خزمەتگوزارییەکانیان بەبەهای 18 تا 19 ملیار دۆلار تەواوکردووە، گوتیشی: تورکیا و قەتەر لە پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان هاوکارن.

سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لەکۆتاییەکانی مانگی ئایاری رابردوودا، پڕۆژەی رێگای گەشەپێدانی راگەیاند، کە رێگای وشکانی و هێڵی ئاسنین لەنێوان عێراق و تورکیا دەگرێتەوە.

رێگاکە لە بەندەری فاو لە بەسرە دەست پێدەکات، بڕیارە لە رێگەیەکی وشکانی و هێڵی ئاسنین پێکبێت، کە درێژییەکەی هەزار و 200 کیلۆمەتر دەبێت لە چوارچێوەی خاکی عێراقدا، هەروەها بە تۆڕی شەمەندەفەری تورکیاوە ببەسترێتەوە.

لای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا مستەفا گوڵتەپە رایگەیاند، کە ئەوان لەگەڵ شاندێک هاتوونەتە دەوحە کە 115 کەس لەخۆدەگرێت، 61 نوێنەری 53 کۆمپانیای هەناردەکاریان تێدایە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە شاندەکە نوێنەرایەتی هەر 27 کەرتی هەناردەکار دەکات.

راشیگەیاند، لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا هەناردەکردنمان بۆ قەتەر شەش هێندە زیادیکردووە، بەو پێیەی ئاستی هاوردەی تورکیا لە قەتەر لەسەدا یەک بووە، ئەمڕۆش گەیشتووەتە 4.5%.