بەهۆی پەیکەرێکی قاسم سولەیمانی یارییەکەی ئیتیحادی سعوودی و سێپاهانی ئێرانی هەڵوەشایەوە
K24 - هەولێر:
یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا هەڵوەشانەوەی یارییەکەی یانەی ئیتیحادی سعوودی و یانەی سێپاهانی ئێرانی راگەیاند، ئەمەش بەهۆی بوونی پەیکەری قاسم سولەیمانی لەنێو ئەو یاریگایەدا کە بڕیار بوو یاریەکەی تێدا بەڕێوەبچێت.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا، یاری نێوان یانەی ئیتیحاد و سێپاهان کە بڕیار بوو لە یاریگای (نەقشی جیهان) لە ئەسفەهان بەڕێوەبچێت، " بەهۆی بارودۆخی پێشبینی نەکراو" هەڵوەشایەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئیدارەی یانەی ئیتیحادی سعوودی کاتێك زانیویانە پەیکەری جەنەراڵی ئێرانی (قاسم سولەیمانی) لەنێو یاریگاکەی ئەسفەهان دانراوە، رەتیان کردووەتەوە لەو یاریگایەدا ئامادەبن.
ئاژانسی ئیسنای ئێرانیش لەسەر زاری یانەی سێپاهان بڵاویکردەوە، یاریەکە بە بڕیاری ناوبژیوان هەڵوەشاوەتەوە و روونیشیکردەوە، "لە یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا، لەسەر ئەوەی روویدا سکاڵا تۆمار دەکەین".
لەلای خۆیانەوە، ئیدارەی یانەی ئیتیحاد رایانگەیاند: بوونی پەیکەرێک لە راڕەوی چوون بۆ نێو یاریگاکە هیچ پەیوەندییەکی بە یارییەکەوە نییە، پێمان راگەیاندن کە پەیکەرەکە لاببەن پێش دەستپێکردنی یاریەکە، بەڵام رەتیان کردەوە، بۆیە یاریزانەکانمان گەڕانەوە ژووری خۆگۆڕین.
لە 3ـی کانوونی دووەمی 2020، قاسم سولەیمانی، فەرمانداری فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومهھدی موھەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە رێگەی مووشەکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، لەگەڵ چەند فەرماندەیەکی دیکەی حەشدی شەعبی کوژران.