وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان: هەزاران دەریاچەی ماسی لەناوبران

لەناو بردنی دەریاچەی ماسی
لەناو بردنی دەریاچەی ماسی

K24 - هەولێر

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، لە ناوبردنی نزیکەی سێ هەزار دەریاچەی ماسی راگەیاند و بەردەوامبوونی هەڵمەتەکەشی پشتڕاستکردەوە.

خالید شیمال گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند: "هەڵمەتی لە ناوبردنی دەریاچەکانی ماسی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای دادوەری و هێزە ئەمنییەکان بەردەوامە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "هەندێک لەوانە ماوەیەکی دیاریکراویان پێدراوە بۆ ئەوەی خۆیان دەریاچە زێدەڕۆکان بروخێنن".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ژمارەی ئەو دەریاچە ماسییانەی کە لەناو براون و پڕکراونەتەوە نزیکەی سێ هەزار دەریاچەیە".

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان، پێشتر رایگەیاندبوو، بەهۆی رووخاندن و لە ناوبردنی دەریاچە ماسییەکان زیاتر لە یەک ملیار مەتر سێجا ئاو زیادیکردووە.

ڕوونیشیکردەوە، پارێزگاری بەغدا زۆرترین رێژەی سەرپێچییەکانی تێدایە، کە بەتەنها رووبەرەکەی نزیکبووەتەوە لە 20 هەزار دۆنم، جگە لە پارێزگاکانی سەلاحەدین، بابل، واست، کەرکووک، نەجەف، کەربەلا، بەسرە و دیالە.

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان پێشتر هەڵمەتی لەناوبردن و پڕکردنەوەی ئەو دەریاچە ماسییانە کە بەزیدەڕۆیی دروستکرابوون راگەیاندبوو. ئاماژەی بەوەشکردبوو: ئەو دەریاچانە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بڕی ئاوی رووبارەکان.