مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتێ باس له‌ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی هه‌رێم ده‌كات

سێ تەوەری سەرەكی خستووەتە بەر باس

K24 - ھەولێر

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرپەرشتی كوسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی بارودۆخی عیراق و کوردستان و کێشە و قەیرانه‌كانی هه‌رێم تاوتوێ كرد، كه‌ كۆبوونەوەكە له‌ سێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی پێكھاتووە:

یەکەم: ھەڵسەنگاندنی بۆ بارودۆخی عیراق بەگشتی کرا و دواگۆڕانکارییەکانی شەڕی دژی تیرۆریستان لە ناوچە جیاجیاکاندا تاووتوێکرا و رۆڵی کاریگەر و جوامێرانەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرەکانی شەڕی دژ بە تیرۆریستان بەرز نرخێندرا.

دووەم: باس له‌ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان کرد و ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ھاوڕابوون لەسەر ئاساییکردنەوەی بارودۆخی سیاسی ھەرێم و ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانیشتن و دیالۆگ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ سەرجەم کێشە و قەیرانەکانی ھەرێم.

سێیەم: مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازی لە ھەموو ھەنگاوێک دەکات بۆ یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد و پاراستنی یەکڕیزی گەلی کوردستان و یەکڕیزی حزبە کوردستانیەکان.

كۆبوونه‌نه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی پاش ئه‌وه‌ی هات كه‌ لەگەڵ فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان كۆ ببوونه‌وه‌.

میدیای فەرمی یەكێتی پێش كۆبوونه‌وه‌ رایگه‌یاند مه‌كته‌بی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا پەیامی مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەبارەی چارەسەری رەوشی ھەرێمی كوردستان و سەردانی فوئاد حوسێن بۆ سلێمانی و كۆبوونەوەكانیان لەبارەی بارودۆخی ھەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكات.

ھەفتەی رابردوو فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی سلێمانی كرد، بۆ گەیاندنی پەیامی مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ چارەسەری كێشەناوخۆییەكان و رێكخستنەوەی ماڵی كورد لەگەڵ ھەر سەركردەكانی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان و چەند حزبێكی دیكە كۆبووەوە.