سه‌رۆكی CIA: سووریا ناگه‌ڕێته‌وه دۆخی جاران و به یه‌كپارچه‌یی نامێنێته‌وه
داعش به ته‌نها رێكخراوێكی تیرۆریستی نییه

K24 - هه‌ولێر:
جۆن برینان، سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا (CIA) رایگه‌یاند، قه‌یرانی سووریا و شه‌ڕی ئه‌و وڵاته‌ی به ئاڵۆزترین كێشه داناوه، كه به درێژایی مێژووی كاركردنی له‌و بواره، بینیبێتی.
برینان له كۆڕبه‌ندی ئاسایشی ئاسپین له كۆلۆرادۆ، گوتی: "رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام، ناسراو به داعش، له ئێستادا پیلانی په‌لاماره تیرۆریستییه‌كان داده‌نێت و گوشاره‌كانیشی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته چڕتر كردووه‌ته‌وه".
هه‌روه‌ها گوتی: "له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم جارێكی دیكه سووریا بگه‌ڕێته‌وه باری پێشوو و به یه‌كپارچه‌یی بمێنێته‌وه".
هه‌روه‌ها گوتی: "هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش له‌سه‌ر سه‌قامگیری جیهان، له رێكخراوی قاعیده زیاتره، ئه‌وان ته‌نها رێكخراوێكی تیرۆریستی نین له ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو، به‌ڵكو هه‌موو جیهان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌واندایه".
لێدوانه‌كانی سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا، له‌كاتێكدایه كه داعش به‌رپرسیارێتی خۆی له ئه‌نجامدانی ژماره‌یه‌ك په‌لاماری تیرۆریستی له ئه‌وروپا خستووه‌ته ئه‌ستۆی و خۆی و رایگه‌یاندووه، "سه‌ربازانی خیلافه‌ته‌كه‌ی" ئه‌نجامییانداوه.
به‌شێكیش له شاره‌زایان پێیانوایه، كه ئه‌و په‌لامارانه‌ی داعش له ئه‌وروپا و ناوچه‌كانی دیكه‌ی جیهان ئه‌نجامییان ده‌دات، ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و شكستانه‌یه كه رێكخراوه‌كه، له عێراق و سووریا دووچاری بووه.
سه‌رچاوه: CNN