بارزانی: گەلی كوردستان لەپێناو عێراق هەموو چەشنە قوربانییەكی داوە

K24 - هه‌ولێر:

مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئه‌مڕۆ پێشوازی لە چێن وێتچینگ باڵیۆزی چین لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوو لە تان بانگلین كونسوڵی وڵاتی چین لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری باڵیۆزخانەی چین لە بەغدا.

له‌م دیداره‌دا باڵیۆزی چین رایگه‌یاند، پێگەی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی بایەخێكی زۆری هەیە و ئامادەیی چینی نیشاندا بۆ به‌هێزتركردنی پەیوەندیی دۆستانە و یارمەتیدانی حكوومەتی هەرێم لە كەرتە جیاجیاكاندا. راشیگەیاند، وڵاتەكەی دەتوانێ لەبواری چاكسازی و مەشق و ڕاهێنانی كارگێڕی یارمەتیی حكوومەتی هەرێم بدات.

لەبەرانبەردا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وێڕای سوپاسی هەڵوێستی باڵیۆزی وڵاتی چین، خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بۆ پەرەسەندن و قووڵبوونەوەی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەردوولا.

هه‌روه‌ها بارزانی باسی لە مێژووی دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتیانە كرد كە گەلی كوردستان بەدەست حكوومەتەكانی عێراقیدا بینیویەتی و ڕایگەیاند، لەپێناو عێراقدا گەلی كوردستان هەموو چەشنە قوربانییەكی داوە، بەڵام بەشی گەلی كوردستان جینۆساید و پێشێلكردنی مافەكانی بووە.