چل مۆم بۆ مامۆستای مقامات لە کەرکووک داگیرسێندرا

K24 – هەولێر:

لە رێوڕەسمێکدا، کە لەلایەن سەنتەری رۆشنبیری کەرکووک رێکخرا بوو، بە ئاواز و گۆرانی و مقامات چلەی ماتەمینی مامۆستا و گەوهەری مقامات "شوکر خەیات" بەڕێوەچوو.

حەمەرەئوف کەرکووکی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ لە بارەی رێکخستنی مەڕاسیمەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەگەرچی بە کۆڵێک ئازارەوە مۆمی چلەی ماتەمگێڕی بۆ هاوڕێ هونەرمەندەکەمان داگیرساند، بەڵام ئەو لە نێو رۆحی هەمووماندا زیندووە و هەمیشە بە چریکە بولبوولیەکەی دەهاتینە جۆش و خرۆش، جگە لەمەش ئەو هونەرزانە ئەکادیمیایەکی تایبەت بوو بۆ هونەری مقاماتی دەشتی گەرمیان و نیو سەدە لە داهێنان و بەخششی خۆی بەردەوام بوو، لە ژیانی هونەری خۆشیدا دەیان هونەرمەندی پێگەیاندووە و وەک ناوێکی جوان و هونەرمەندێکی باڵا لە ویژدانی ئێمەدا دەمێنێتەوە".

لە رێوڕەسمەکەدا بەڵگە فیلمێک دەربارەی کار و بەرهەمەکانی ئەم هونەرمەندە نمایشکرا، پاشان دەستەیەک لە گۆرانیبێژ و میوزیکژەنانی شارەکە گەشتێکیان بە نێو گۆرانی و مقامەکانی ئەو هونەرمەندەدا کرد و چریکەی بولبولی گەرمیانیان بە گوێچکەی ئامادەبوواندا چپاند.

هونەرمەندی گۆرانیبێژ شوکر خەیات ناوی تەواوی شوكر محەممەد قادرە، لە 1940 لە گوندی قەڵخانلوی ناوچەی داوێ لە گەرمیان لەدایکبووە، بەهۆی پیشەکەیەوە بە شوكر خەیات ناسراوە، لە 1955ـەوە گۆرانی گوتووە و وەک دەنگخۆشێک ناسراوە، لە 1967 ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە، خاوەنی پێنج كچ و سێ كوڕە.

شوکر خەیات لە 1969 بە گۆرانی 'یار غەزاڵ' و 'سەوزە سەوزە'ـی سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی ناوبانگی پەیداکرد، لە تەمەنێکی زوو، شارەزاییەکی زۆری لە مەقامات پەیداکردووە و لە 18ـی ئابی 2023 بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر کۆچی دواییکرد.

خ

 

Fly Erbil Advertisment