سوودەکانی پرۆژەی 'هەژماری من' چییە و مووچەخۆرانی کوردستان چۆن ناوی خۆیان تۆمار دەکەن؟

K24 - هەولێر:
بە ئەمانجی ئەوەی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی جیهان ببێت بە ناوەندێک کە تێیدا مامەڵە بە پارەی کاش نەمێنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی پرۆژەی 'هەژماری من'ـەوە دەستیکردووە بە بەدیجیتاڵکردنی پرۆسەی پێدانی مووچە بۆ زیاتر لە ملیۆنێک فەرمانبەری کەرتی حکومی.
وەک لە ماڵپەڕی تایبەت بە پرۆژەی (هەژماری من) ئاماژەی پێدراوە، ئامانج لەم دەستپێشخەرییە رێکخستنی شێوازی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی حکومی و پەرەپێدانی ئاسایشی دارایی و دابینکردنی کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی بانکییە بۆ سوودمەندان لەوانەش هەژماری پاشەکەوتکردن.
ئەو کەسانەی لە پرۆژەی (هەژماری من) ناوی خۆیان تۆمار دەکەن، لەکاتی دابەشکردنی مووچە لەرێگەی مۆبایلەکەیانەوە بە کورتە نامەیەک ئاگاداردەکرێنەوە و دەتوانن لە ئامێرەکانی (ATM) پارەی کاش رابکێشن و هەروەها لە ژمارەیەکی زۆر خزمەتگوزاری بانکی سوودمەندبن.
لەپێناو دەستگەیشتنی فەرمانبەران بە مووچەکانیان و سەرەنەگرتن و دروستنەبوونی قەرەباڵغی لەبەردەم بانکەکان و دامودەزگاکان لەکاتی دابەشکردنی مووچە، زیاتر لە یەک هەزار ئامێری ATM لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیر دەکرێن.
ئەو کارتە بانکییەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆتۆمارکردن لە پرۆژەی هەژماری من وەریدەگرن، لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات بەکاردەهێنرێت.
یەکێکی دیکە لە سوودە سەرەکییەکانی پرۆژەی هەژماری من، پشتبەستنی فەرمانبەران بە پارەی کاش کەمدەکاتەوە، ئەمەش لەرێگەی پارەدان بەشێوازی دیجیتاڵی بە سوود وەرگرتن لە کارتی بانکی و ئامێری POS کە ئامێرەکە تایبەتە بە گواستنەوەی پارە لە هەژماری کڕیارەوە بۆ فرۆشیار.
پێداویستی و هەنگاوەکانی خۆتۆمارکردن:
1. ناسنامە لەگەڵ خۆت ببە (کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری) یان (ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامە و کارتی زانیاری).
2. تەواوکردنی ناو تۆمارکردن
- ناو تۆمارکردنت لە پرۆگرامەکە لە شوێنی کارەکەتدا دەبێت و پێشوەختە لە رێکەوتی دیاریکراو ئاگاداردەکرێیتەوە (سەیری خشتەی تۆمارکردن بکە).
- لە رۆژە دیاریکراوەکاندا بریکاری هەژماری من لە شوێنی کارەکەتدا ئامادە دەبن بۆ ئەوەی یارمەتیت بدەن بۆ تۆمارکردنی ناوت لە پڕۆژەکە.
3. بەڵگەی تۆمارکردنت
- بڕیکاری پڕۆژەی (هەژماری من) ناو تۆمارکردنت پشتڕاست دەکاتەوە بەرلە وەرگرتنی مووچەی مانگی داهاتوو.
- پێویستە ناوت تۆمارکردبێت لە پرۆگرامی هەژماری من بۆ ئەوەی بتوانیت مووچەت وەربگریت.
4. وەرگرتنەوەی کارتی بانکی
- لە پاش کردنەوەی هەژماری بانکی لە بانکی دڵخۆازی خوت، بانکەکەت هەوڵدەدات بە کردنەوەی کارتێکی بانکی کە لە وڵاتانی دەرەوەش دانپێدانراوە.
- کاتێک کارتەکەت ئامادە دەبێت ئاگانامەت پێ دەگات بۆ ئەوەی کارتی بانکیت وەربگریتەوە، کە پێویستە لەو رۆژەدا ناسنامەیەک لەگەڵ خۆت ببەیت کە دەچیت بۆ وەرگرتنی کارتەکەت.
هاوکات ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی تۆمارکردن لە پرۆژەی (هەژماری من) لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەولێر بەسەرکردەوە و لە گوتارێکدا رایگەیاند: "بێگومان هەژماری من ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ پێدانی مووچە و ئەو خزمەتگوازییە بانکیانەی کە هاووڵاتییان دەتوانن سوودی لێوەربگرن".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پڕۆسەی هەژماری من ئێستا لە هەولێر دەستپێدەکات، "بەڵام لە ماوەیەکی زوو لە دهۆک و سلێمانیش دیسان ئەو پڕۆسەیە دەکەوێتە کار کە هیوادارین هەموو فەرمانبەران هەروەکو باسمکرد لە کەمتر لە دوو ساڵ بتوانن سوودمەندبن لەو پڕۆسەیە.
تاوەکو ئێستا 65 هەزار کەس ناویان لە پڕۆسەی (هەژماری من) تۆمارکراوە.
وەک سەرۆکی حکومەت باسی لێوەکرد، "ئومێدەوارن لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵ پڕۆسەکە هەموو فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بگرێتەوە".
مەسرور بارزانی گوتیشی: هەوڵی ئەوەمان داوە کە لەگەڵ بانکەکانیش رێکبکەوین کەرتی تایبەتیش بخرێتە ئەم پڕۆسەیەوە.