عێراق و رووسیا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان بۆ رێگریکردن لە گەندەڵی واژۆ کرد

کاتی واژۆ کردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان عێراق و رووسیا
کاتی واژۆ کردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان عێراق و رووسیا

K24 - هەولێر

دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ داواکاری گشتی رووسیا لە بواری رێگریکردن لە گەندەڵی واژۆکرد.

دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، "لە چوارچێوەی کارنامەی سەردانەکەی شاندی حکومەتی عێراق، بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ مۆسکۆ، دەستەی دەستپاکی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ داواکاری گشتی رووسیا واژۆ کرد، بۆ پەرەپێدان و بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی دوولایەنە لە بواری رێگریکردن لە گەندەڵی".

ئاماژەی بەوەشکرد، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە کە لەلایەن سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، حەیدەر حەنون و نوسینگەی داواکاری گشتیی رووسیا، ئیگۆر کراسنۆڤ واژۆ کراوە، ئامانجەکە جێبەجێکردنی پلانی تەکنیکی پەیوەست بە بوارەکانی هاوکاری و ئاڵوگۆڕی زانیارییە لە بواری لێکۆڵینەوەی تاوانکاری سەبارەت بە گومانی پێشێلکاری کە لەلایەن بەرپرسانەوە ئەنجام دەدرێت.

هەر لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، یەکێک لە خاڵەکانی یاداشتەکە "پێشکەشکردنی راوێژکارییە سەبارەت بە پرسە یاساییەکان لەکاتی ئامادەکردنی داواکاریی یاسایی لە دۆسیە تاوانکارییەکانی پەیوەست بە گەندەڵی، هەروەها هاوکاریکردن لە جێبەجێکردنی یاسا و لێکۆڵینەوە لەسەر پارەی قاچاخی گەندەڵی و دیاریکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتباران".

رۆژی سێشەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2023، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی وزە و ئاسایشی ناوچەکە تاوتوێکرا.