لە بەردەڕەش بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی 18 پۆلی دانرا
K24 - هەولێر
پارێزگاری دهۆک بەردی بناغەی قۆتابخانەیەکی 18 پۆلی لە قەزای بەردەڕەش دانا و دەڵێت، "بڕیاری دروستکردنی قوتابخانەکە دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش دێت".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی ئۆکتۆبەری 2023، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک سەردانی قەزای بەردەڕەشی کرد و دواتر بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی 18 پۆلی دانا. گوتیشی، "دانانی بەردی بناغەی ئەم قوتابخانەیە دوای سەردانی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش دێت".
پارێزگاری دهۆک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، "قوتابخانە 18 پۆلییەکە کە بڕیارە لە ناوەندی قەزای بەردەڕەش دروستبکرێت، بە گوژمەی یەک ملیار و 618 ملیۆن و 293 هەزار دینار دروستدەکرێت و چاوەڕێدەکرێت لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا تەواو بکرێت".
هەر لە سەردانەکەیەدا بۆ قەزای بەردەڕەش، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، ئاوەڕۆ و شەقامە ناوخۆییەکانی قەزای بەردەڕەش نۆژندەکرێنەوە و لە داهاتووتدا بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەکی دیکەی خزمەتگوزاریش لە سنووری قەزاکە ڕادەگەیەندرێن.
رۆژی دووشەممە 22ـی 5ـی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی شاری ئاکرێی کرد و بە ئامادەبوونی پارێزگاری دهۆک، لەگەڵ قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکانی هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش کۆبووەوە.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی و دەوڵەمەندی دەڤەرەکە لە ڕووی کشتوکاڵیی و گەشتوزارییەوە کرد کە دەڤەرێکی ستراتیژیەو هەر سێ پارێزگای دهۆک و هەولێر و موسڵ بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
مەسرور بارزنای دووپاتیکردەوە کە لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بڕی زیاتر لە 257 ملیار دینار، چەندین پڕۆژەی گرنگ لەم ناوچەیەدا ئەنجامدراون و لە بەرنامەشدایە پڕۆژەی دیکە جێبەجێ بکرێن .
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەرپرسانی ناوچەکەی ڕاسپارد هەموو هەوڵێک بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە، خزمەتی دانیشتووانی سنوورەکە بکەن.