عەبدولحەکیم خەسرەو: کاردەکەین بۆ زیادکردنی دەستی کاری ناوخۆیی
K24 – هەولێر:
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، 75%ـی دەستی کار لە پڕۆژەکان دەبێت هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بن، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا 681 هەزار فەرمانبەر دەستەبەری کۆمەڵایەتیی بۆ کراوە، گوتیشی: کاردەکەین بۆ زیادکردنی دەستی کاری ناوخۆیی.
عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات؛ رایگەیاند، لە رێگەی تۆمارکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی لە کەرتی تایبەتدا مافی کرێکاران زامن کراوە، هەروەها لە ماوەی چوارساڵدا 159 هەزار کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایتییان بۆ کراو و سودیان لە داهاتی سندوقی دەستەبەری بینیوە.
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، دەبێت لە کەرتی تایبەتدا رێژەی 75%ـی کارمەندەکان کورد بن، هەروەها کاری لەپێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیادکردنی دەستی کاری ناوخۆییە.
عەبدولحەکیم خەسرەو، باسی لە رەخساندنی هەلی کار کرد بۆ هاووڵاتییانیی هەرێمی کوردستان و گوتی: زۆرینەی پڕۆژەکان و کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان پەیوەندیان بە نووسینگەکانی کار کردووە کە سەر بە بەرێوەبەرایەتی کارە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، هەروەها لە پارێزگاکان هەماهەنگییەکی باش لە نێوانیان هەیە، ئەگەر کۆمپانیاکان کارمەندیان بۆ هەر پسپۆڕییەک بوێت لە رێگەی نووسینگەکانی کار هەوڵی دۆزینەوەی کارمەند بۆ ئەو پسپۆڕییە دەدەن.
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی وردبینیکردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە ماوەی هەفتەیەکە هەردوو تیمی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان وردبینی تێدا دەکەن، گوتی: هەردوو تیمی دیوانی چاودێری دارایی خەریکی پڕۆسەی وردبینیکردنن هەروەها دەستنیشانکردنی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ئەو مووچەیەی کە پێویستە مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان رەوان بکرێت، هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی گشت ناوچەکانی دیکەی عێراق شایەنی ئەوەن لە بودجەی گشتی فیدراڵی پشکیان هەبێت و بودجەی گشتی بە ئاسانی بگاتە دەست مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کاریگەری نەبێت لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵک.
گوتیشی: لە ساڵی 2022 وردبینی بۆ لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە، ئێستا دووبارە وردبینی دەکرێت، هەروەها ئەو وردبینییەی کە لە ساڵی 2022 کرا جێگەی باوەڕی دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی بوو، هەر ئەمەش بوو وایکرد کە لە یاسای بودجەی فیدڕاڵیدا جێگیر بکرێت. سەرنجی خستە سەر ئەوەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکات مووچە لە کێشە سیاسییەکان جیابکرێنەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، لەم وردبینیکردنەدا هیچ فەرمانەرێکی هەرێمی کوردستان زیانمەند نابێت، "چونکە ئێمە کارمان لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆسەی یاسای چاکسازی لە گشت فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، ئەم پڕۆسەی وردبینیکردنە پڕۆسەیکی بەردەوامە و ساڵانە ئەنجامدەدرێت".
عەبدولحەکیم خەسرەو، باسی لەوەشکرد، ئێمە لە هەرێمی کوردستان پڕۆسەی بایۆمەتریمان بۆ هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە کە ئەمە خاڵیکی گرنگە، ئەمەش وادەکات هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان تەنیا یەکجار سوودمەند بن لە بودجەی گشتی و دوو مووچەیی نەمێنێت.
لەبارەی پڕۆژەی هەژماری من سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مووچەخۆران لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار دەکرێن، تا سەرەتای 2024 ئەم پڕۆسەیە تەواو دەبێت، هەروەها تا ئێستا حکومەتی عێراق 681 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستانی لە بودجەدا تۆمار کردووە، هاوکات لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنەک و 200 هەزار مووچەخۆرمان هەیە.