ئەڵمانیا درۆن دەداتە ئیسرائیل
پێشتر ئیسرائیل داوای لە ئەڵمانیا کردبوو

K24 - هەولێر
بۆ رووبەڕووبوونەوەی حەماس، ئەڵمانیا دوو درۆنی جەنگی بە ئیسرائیل دەدات.
وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، بۆ رووبەڕوبوونەوەی چەکدارانی حەماس، دوو درۆنی جەنگی جۆری (هیرۆن تی بی) رەوانەی ئیسرائیل دەکەن.
وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا باسی لەوەشکرد، درۆنی جۆری هیرۆن تی بی لەسەر داوای ئیسرائیل و بۆ پاراستنی تەلتەڤیڤ و ناوچە جوولەکەنشیەکانی دیکە رادەستی سوپای ئیسرائیل دەکرێت، چونکە درۆنەکە خاوەنی ژمارەیەک تایبەتمەندی دەگمەنە لە چاودێریکردن و تێکشکاندی ئامانجەکەی.
ئەمە لەکاتێکدایە، 11 ی ئەم مانگە ئەمەریکا کاروانێک چەک و تەقەمەنی بۆ رووبەڕوبوونەوەی حەماس، رادەستی ئیسرائیل کرد.
بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی "زریانی ئەقسا"یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە، دواتر ئیسرائیل هێرشی چڕی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد.