ئالین: بە ئاواتم بتوانم لە هەر چوار پارچەی کوردستان كۆنسێرت ساز بكەم

ئالین
ئالین

K24 - هەولێر

هونەرمەند ئالین لە رۆژئاوای كوردستان چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، ئێستاش لە غوربەت دەژی و بەردەوامە گۆرانی گوتن، تا ئێستاش دەیان كلیپی بڵاوكردووەتەوە و بۆ ئەمساڵیش بێدەنگی هەڵبژاردووە.

لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ کوردستان24، ئالین تیشكی خستە سەر نەبوونی بەرهەمی هونەری لە ماوەی رابردوودا و گوتی: بێدەنگی و دوورە پەرێزیم لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بۆ سێ هۆكار دەگەڕێتەوە، یەكەمیان ئەوەیە كە من سەرقاڵی كار و ژیانی تایبەتی خۆم بووم، دووەمیشیان كاری دیپلۆماسیم بە بێدەنگی ئەنجام دەدا، سێیەمیشیان لەبەر خۆ ئامادەكردن بوو بۆ بەرهەمێكی نوێی هونەری، ئێستا كلیپێكم بە زمانی سوریانی ئامادەیە لە چوارچێوەی ئەو بەرهەمەی كە باسم كرد.

لەبارەی سروودە نیشتمانییەكان ئالین دەڵێت: خەمی هەر چوار پارچەی كوردستان خەمی منە و، هەر چوار پارچەیان بۆ من وەك رۆژئاوا وان و جیاوازییان نییە، خۆشی و ناخۆشی و دەرد و مەینەتییەكان هەر پارچەیەكی كوردستان خۆشی و ناخۆش و مەینەتی منن، بەڵام لە ئێستادا رۆژئاوای كوردستان سەرچاوەی خەم و ناخۆشییە بۆ من، بۆیە ئەوەی لە توانامدا هەبێت بۆ رۆژئاوا ئەنجاممداوە چ لە رێگای كلیپەكانمەوە وەك كلیپ (یەكێتی برایەتی) تێیدا داوای یەكگرتن و برایەتی نێوان پێشمەرگە و شەڕڤانان دەكەم، هەروەها گۆرانییەكانی (بلبلێ دلشاد) و (ئەی فەلەك ژ بو تە دناڵم).

سەبارەت بە ئازارەکانی رۆژئاوا چەندین جار لە رووی دیپلۆماسییەوە داوام لە دەوڵەتی ئەڵمانیا كردووە، کە پێویستە یارمەتیدەر بن بۆ بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان و بە زووترین ئارام بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە بگەڕێتەوە.

دەربارەی سەردانی كردنی رۆژئاوای كوردستان گوتی: تا ئێستا سەردانی رۆژئاوای كوردستانم نەكردووە، هەستێكی بێ سنوور دەبێت بەجۆرێك ناتوانم چۆن باسی بكەم ناتوانم وەسفی هەستی خۆم بكەم، چونكە یەكێكە لە خەونە مێژینەكانم. بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی خەڵكەكە و هەست بە خۆشی و ناخۆشییەكانی بكەم، هەروەها بە ئاواتم بتوانم لە هەر چوار پارچەی كۆنسێرت ساز بكەم، چونكە لە هەر چوار پارچەی كوردستان هەواداری من هەیە و ئەوانیش وەك كوردانی رۆژئاوا كەس و خۆشەویستی منن.

ئالین لەبارەی ئەو گۆرانیبێژە كوردانەی، كە بە زمانی بیانی و ستایلی ئەمەریكی و ئەوروپی بەرهەمی هونەری پێشكەش دەكەن گوتی: وەك بۆچوونی تایبەتی خۆم من پشتگیرییان دەكەم و بە كارێكی ئەرێنیی دەبینم و خراپ نییە و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم، چونكە لەو رێگایەشەوە دەتوانن خزمەت بە هونەر بكەن، لە هەمان كاتدا دەتوانن پرسی كورد لە رێگای گۆرانییەوە بەو وڵاتانەی بگەیەنن و نزیك ببنەوە لە كولتووری وڵات و نەتەوەكانی دیكە.

سەبارەت بە هۆكاری گوتنی گۆرانی بە زمانی بیانی دەڵێن ئالین دەڵێ: من جگە لە زمانی سریانی بە كلدانی و ئاشووریش گۆرانیم گوتووە، چونكە كورد و ئەم نەتەوانە هەزاران ساڵە بەیەكەوە دەژین لە كوردستان و ئازار و مەینەتی و خۆشییەكانمان هاوبەش بووە، بۆیە یەكێك لە ئاواتەكانم ئەوە بووە، كە لە رێگای هونەرەوە گوزارشت لە برایەتی نێوان كورد و ئەم نەتەوانە بكەم و هیوادارم توانیبێتم لەو رووەو سەركەوتوو بم.

ئالین سه‌باره‌ت به‌ نوێكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌ كۆنه‌كانی هونه‌رمه‌ندان دووبارە ده‌ڵێن گوتی: به‌ڕای من ئاساییه‌، كه‌ هونه‌رمه‌ندێكی گه‌نج گۆرانییه‌كی یه‌كێك له‌ هونه‌رمه‌ندانی پێش خۆی دووباره‌ بكاته‌وه‌ و بیڵێت، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك حه‌قی ئه‌و گۆرانییه‌ و هونه‌رمه‌نده‌كه‌ش بدات، من ئه‌و قسه‌یه‌ ناكه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌م كردووه‌ و پێشتر گۆرانی هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌م گوتوته‌وه‌، نه‌خێر ئه‌گه‌ر منیش خۆم هه‌ست بكه‌م كه‌ مافی گۆرانییه‌كه‌ یان هونه‌رمه‌نده‌كه‌ ناده‌م، ئه‌و كات رێگا به‌خۆم ناده‌م كارێكی له‌م جۆره‌ ئه‌نجام بده‌م و داوا له‌ جه‌ماوه‌ری خۆشم ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر تێبینی ئه‌وه‌یان كردووه‌، كه‌ ئه‌و گۆرانیانه‌م شێواندووه‌، كه‌ دووباره‌یان ده‌كه‌مه‌وه‌، تكایان لێده‌كه‌م رێگام پێمه‌ده‌ن و بڵێن تۆ مافی ئه‌وه‌ت نییه‌ ئه‌م كاره‌ بكه‌یت، چونكه‌ گۆرانییه‌ ئه‌سڵییه‌كه‌ت شێواندووه‌. لە كۆتاییدا ئالین دەڵێت: هیوادارم گشت هێزە كوردستانییەكان لە هەموو پارچەكانی كوردستان گوتاریان یەكبخەن و یەكگرتوو بن بەتایبەتی كوردانی رۆژئاوا، چونكە ئەوان بە كاتێكی هەستیار وناسكدا تێپەڕ دەبن و باشترین چارەسەر بۆ گرفتەكانیان لە ئێستادا یەكگرتن و هاوكاری كردنی یەكترە، هیوای ئازادی و ئاوەدانی بۆ گشت پارچەكان دەخوازم.