ئوردن یەکەم فڕۆکەی هاوکارییەکانی رەوانەی کەرتی غەززە کرد
K24 - هەولێر
تەلەفزیۆنی ئوردن لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئوردن یەکەمین فڕۆکەی فریاگوزاری رەوانەی کەرتی غەززە کرد، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ماوەی شەش رۆژە شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، شا عەبدوڵڵای دووەم شای ئوردن، فەرمانی کرد بەپەلە یارمەتی مرۆیی و پزیشکی رەوانەی کەرتی غەززە بکەن، یارمەتییەکانیش لە رێگەی دەروازەی رەفحەوە بووە بە هەماهەنگی تەواو و پێشوەختە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی میسر.
شا عەبدوڵڵا فەرمانیشی دەرکردووە، کە پێداویستییە پێویستەکانی فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززە دەستنیشان بکرێن و بە خێرایی دابین بکرێن.
سەرەتای ئەم هەفتەیە ئیسرائیل میسری ئاگادارکردبوویەوە، کە هەر بارهەڵگرێک لە دەروازەی رەفحەوە پێداویستی بۆ کەرتی غەززە بگوازێتەوە بۆردومانی دەکات.
بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەرئیسرائیل، کە زیاتر لە هەزار و 200 کوژراوی لێکەوتەوە، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل بەچڕی هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزارو 500 کەس کوژراون و پێنج هەزار کەسیش بریندار بوون.