ئەلیکساندەر نۆڤاک بۆ کوردستان24: کارکردنی کۆمپانیاکانمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت

ئەلیکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا
ئەلیکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا

K24 – رووسیا:

جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا رایگەیاند، کۆمپانیاکانمان لە عێراق درێژە بە کارەکانیان دەدەن و من دڵنیام لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش ئەم کارانە درێژەیان دەبێت.

لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24دا، لە بارەی پەیوەندییەکانی رووسیا لەگەڵ عێراق و بەردەوامی کارکردنی کۆمپانیا رووسیەکان لە هەرێمی کوردستاندا، ئەلیکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، رایگەیاند، عێراق یەکێکە لە هاوبەشە ستراتیژییەکانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوێنێ سەرۆکوەزیرانی عێراق بەشداربوو لە دیداری سەرەکی هەفتەی وزە لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، بە وردی هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ كەرتی وزە لە هەلومەرجی هەنووکەییدا خستەڕوو.

جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، لەبارەی هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ عێراق ئاماژەی بەوەدا، هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ عێراق لەمێژە لە گەشەدان، زیاتر لە 10 ملیار دۆلار لە کەرتی وزەی نەوت و گازی عێراقدا وەبەرهێنانی پێکراوە، کۆمپانیاکانی ئێمە لەوێ کاردەکەن و بەردەوامن، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانی پانێڵەکەدا رایگەیاندبوو، "هەموو رێوشوێنێکی لەبار رەخساوە بۆ کارکردنی بەردەوامی کۆمپانیا رووسیەکان لە خاکی وڵاتەكەیدا".

ئەلیکساندەر نۆڤاک، دەڵێت: بێگومان کۆمپانیاکانی ئێمە لە پەیوەست بە هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی ئابوریییەوە لە ناوچەکەدا درێژە بە کارەکانیان دەدەن و من دڵنیام لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش ئەم کارانە درێژەیان دەبێت".

جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، بێگومان "ئێمە دەتوانین کە خاڵی نوێ بۆ هەماهەنگی بدۆزینەوە و کاری تێدا بکەین و پێشکەوتنی زیاتر لە کارەکانماندا لە بواری وزەدا بەدەستبهێنین، پاشان رووسیا و عێراق ئەندامی ئۆپێک پڵەسن و لەوێشدا هەماهەنگیمان لە گەلێک بواردا هەیە".

رۆژی چوارشەممە (11ـی تشرینی یەکەمی 2023) میخایل بۆگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا بە کوردستان24ـی راگەیاند، "خۆشبەختانە ئەزموونێکی زۆر ئەرێنی هەیە لەنێوان ئێمە و عێراق کەڵکی لێوەردەگیرێت بۆ ئەنجامدانی کاری زیاتر لە بواری وزەدا، چونکە کۆمپانیا نەوتییەکانی ئێمە لەسەر بنەمای سوودی هاوبەش نزیکەی 20 ملیۆن دۆلاریان لە کارەکانیاندا بۆ ئابووری ئەو وڵاتەدا بەگەڕخستووە، پێموایە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگەن بە لێکتێگەیشتن بۆ کارکردنی کۆمپانیاکانمان لەوێدا".

ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ عێراق بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە و دەبێت هەماهەنگیشمان هەبێت بۆ قازانجی گەل و رەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکانمان.