تیپێکی هونەری کوردی تابلۆی پێکەوەژیان دەباتە هیندستان
K24 - هەولێر:
تیپی هونەری میللیی کەرکووک، کە لە 25 کوڕ و کچی شۆخ و شەنگ پێکهاتووە، دوای بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی "هۆرا میرا"ـی وڵاتی رۆمانیا، ئێستا بە فەرمی داوەتکراون بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی تاج فۆلکۆر، کە بڕیارە لە 21ـی تشرینی یەکەم لە وڵاتی هیندستان بە بەشداری 15 وڵاتی بیانی و عەرەبی بەڕێوەبچێت.
تیپی هونەری میللیی کەرکووک ماوەی چوار رۆژ بە پێشکەشکردنی تابلۆکانی پێکەوەژیان و گەرمیان و دەسماڵێ بەشداری لەم چالاکییە هونەرییەدا بکەن.
هەڵۆ جەباری، سەرۆکی تیپی هونەری میللی کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی هۆرا مێرای وڵاتی رۆمانیا، کە لە شاری کالارەش بەڕێوەچوو، داوەتنامەیەکی فەرمیمان لە لایەن فێستیڤاڵی تاج فۆلکۆری هیندی پێگەیشت، کە بڕیارە لە دوا رۆژەکانی ئەم مانگەدا بەڕێوەبچێت و تابلۆ کوردی و جلە رەنگاوڕەنگەکانی تیپەکەمان، کە لە تەواوی وڵاتان جیاوازە، نیشانی بەشداربووانی فێستیڤاڵە هونەرییەکە بدەین.
گوتیشی: تا ئێستا بەشداریمان لە چەندین چالاکیی جۆراوجۆری هونەریدا کردووە، بەتایبەت لە وڵاتانی جۆرجیا و رۆمانیا و ناوخۆدا، جگە لە بەشداریکردن لە چەند بەرهەمێکی گۆرانی کوردی، کە جوانییەکی دیکەی بە کلیپە کوردییەکان داوە.