فیلمێکی کوردی لە گەرمیانەوە دەچێتە ئەرجەنتین
K24 - هەولێر:
فیلمی سینەمایی "رۆژی حەوتەم" کە لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەند بیلال سەڵاحە، لە پێشڕکێدایە بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین فیلم لە فێستیڤاڵی رۆساریۆ لە وڵاتی ئەرجەنتین.
فیلمی سینەمایی "رۆژی حەوتەم" تا ئێستا بەشداری لە زۆرترین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی وڵاتانی ئەڵمانیا، ئەمەریکا، هیندستان، میسر، فەرەنسا، سوید و ئوسترالیادا کردووە و خاوەنی چەند خەڵاتێکی جۆراوجۆری باشترین سیناریۆ و دەرهێنان و وێنەگرتنە، ئێستاش لە پێشڕکێدایە بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین فیلم لە فێستیڤاڵی رۆساریۆ لە وڵاتی ئەرجەنتین.
دەرهێنەر بیلال سەڵاح سەبارەت بە ناوەڕۆک و چۆنییەتی بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە سینەماییە بە کوردستان24ـی راگەیاند: زۆر خواستم بوو، کە فیلمێک له گەرمیان بەرهەم بهێنم، بیرمکردەوە کە دەبێت چیرۆکێک هەڵبژێرم پێوەندی زۆری بە گەرمیانەوە هەبێت، هاوکات هەوڵبدەم چیرۆکەکە بۆ دونیای دەرەوەش جیاواز و نامۆ بێت، بیرمکردەوە کە خودی هونەر بەگشتی و تایبەتتر سینەما لەم ناوچەیە نامۆیە لە ئێستادا، بەڵام چۆن ئەم نامۆییە بگوازمەوە بۆ وێنە کە بۆ ناوخۆ و بۆ دەرەوەش جێی سەرنج بێت.
گوتیشی: سینەما لە گەرمیان تەواو پەراوێز خراوە، تەنانەت لە هەموو قەزا و ناحییەکانی گەرمیان هۆڵێکی پرۆفیشناڵی سیستەم مۆدێرنی تێدا نیە بۆ نماییشکردنی فیلم، ئەمە خودی چیرۆکە، ئەمە خودی جیاوازییە، ئەمە ئەو چیرۆکەیە کە زمانی سینەما حەزی بە گێڕانەوەیی هەیە، کاتێک شوێنێک نەبێت فیلمێکی تێدا نماییش بکەیت، شوێنێک نەبێت فیلمێکی تێدا ببینیت، چۆن دەکرێت دەڤەرێک کانگای بەرهەمهێنانی نەوت بێت هۆڵێکی سینەمایی مۆدێرنی تێدا نەبێت بۆ نماییشکردنی فیلم، بەردەوامی چیرۆک ئەوەیە، کە دەبێت جێگرەوەی هۆڵی سینەمامان هەبێت، ئەویش خێمەیە (چەرداخ)، بۆیە راستەوخۆ دەستمکرد بە نووسینەوەی سیناریۆ و کورتەی چیرۆکەکەشی هەر ئەمەیە لە ساڵڕۆژی جیهانی سینەمادا گەنجێک دەیەوێت فیلمێک نماییش بکات، بەڵام هیچ شوێنێک نییە هەتا نماییشی فیلمەکەی تێدا بکات هاوکات هیچ کەس ئامادە نییە هۆڵێکی پێببەخشێت بۆ نمایشکردنی فیلمەکە و بەرزراگرتنی ئەو رۆژە جیهانیە، بۆیە هەوڵی نماییشکردنی فیلمەکە دەدات لە شوێنێکی دیکە.
لە وەڵامی پرسیاری تێچووی ئەو بەرهەمەدا دەرهێنەر دەڵێت: تێچووی فیلمەکە بڕێکی زۆر کەم بوو، (رۆژی حەوتەم) لە شاری خانەقین وێنە گیراوە و بۆ خزمەتکردنی چیرۆکەکە و درووستکردنی کەشێک، کە رۆڵی گرنگ ببینێت لە گواستنەوەی چیرۆکەکە بۆ وێنە هەر بۆیە ئێمە کۆمەڵێک شوێنی ئەو شارەمان دەستنیشانکرد بە نموونە (سینما الخضراء) کە ئێستا لە لێواری رووخاندایە لە کاتێکدا دەزگای شوێنەوار بێدەنگە لە هەمبەر شوێنێکی وەها مێژوویی کە سێ چارەکە سەدە پێش ئێستا هەبووە لە خانەقین، بەداخەوە ئێستا هیچ سینەمایەک نەک لە خانەقین بەڵکو لە تەواوی گەرمیان بوونی نییە، هەر بۆیە ئەمە چیرۆکە جیاوازە کە شوێنێک نەبێت بۆ نماییشکردنی فیلم و بینینی فیلم، لە روانگەیەکی دیکەوە، هاوکات فیلمێکی رەخنە ئامێزیشە بەوەی کە سێ چارەکە سەدە پێش ئێستا سینەمایەکی وەک (سینما الخضراء) بوونی هەبووە، بەڵام ئێستا لە سەدەی بیست و یەک لە پشتەوەی ئەو سینەمایە خێمە دادەنێین بۆ نماییشکردن و بینینی فیلم.
ئاماژەی بەوەشدا، "ستافی فیلمە بە رادەیەک کەم بوو، کە خودی خۆم تەنیا لە قۆناغی پرۆدەکشن، جگە لە کاری دەرهێنان زیاتر لە پێنج ئەرکم رادەپەڕاند و، هاوڕێیانی دیکەشم بەهەمان شێوە بوون، بەڵام بۆ هەموومان ئەزموونێکی زۆر باش بوو".