نەتەوە یەکگرتووەکان: داواکەی ئیسرائیل بۆ خەڵکی غەززە كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە

کؤچی هاووڵاتییانی باکووری کەرتی غەززە بەرەو باشووری ئەو شارە
کؤچی هاووڵاتییانی باکووری کەرتی غەززە بەرەو باشووری ئەو شارە

K24 - هەولێر

له‌ به‌رانبه‌ر هه‌وڵه‌كانی ئیسرائیل بۆ چۆڵكردنی به‌شێكی كه‌رتی غه‌ززه‌، كه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت شه‌ڕی قورس و ئه‌سته‌می تێدا رووبدات، بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس داوا له‌ خه‌ڵك ده‌كات له‌ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه‌. هه‌رچی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیشه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، کۆچێکی خێرای لەو شێوەیە دەبێتە هۆی سه‌رهه‌ڵدانی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یی مرۆیی، بۆیه‌ داوا له‌ ئیسرائیل ده‌كات به‌و مۆڵه‌ته‌دا بچێته‌وه‌ کە بە خەڵکی غەززەی داوە.

شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس چووە هەشتەمین رۆژ و کۆکردنەوەی هێزی سوپای ئیسرائیل لەسەر سنوورەکانی کەرتی غەززە بەردەوامە، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگه‌یاندووه‌، خه‌ڵكی سڤیلی فه‌ڵه‌ستین له‌ غه‌ززه‌ دوژمنی ئەوان نین، بۆیه‌ چۆڵكردنی ناوچه‌كانی شه‌ڕ باشترین هه‌نگاوه‌ بۆ پاراستنی گیانیان له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ .

نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش هۆشداری له‌ چۆڵكردنی كه‌رتی غه‌ززه‌ ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌رچوونی ملیۆنێك و 200 هه‌زار كه‌س له‌ غه‌ززه‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی مرۆیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ نەخۆش و بریندارانی نەخۆشخانەكان ناتوانن كۆچ بكه‌ن.

سەرەڕای فشارە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام سوپای ئیسرائیل لە رێگەی چەندین پەیامەوە دانیشتووانی باکووری غەززەی ئاگادارکردووەتەوە، بۆ ئەوەی بەرەو باشووری کەرتەکە کۆچ بکەن، ئەمەش وەک هەنگاوێک، پێش ئه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنێكی فراوانی زه‌مینی له ‌دژی چه‌كدارانی حه‌ماس ئه‌نجام بده‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی هێرشی زه‌مینی بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌، جۆناسان كۆنریكۆس، گوته‌بێژی سوپای ئیسرائیل رایده‌گه‌یه‌نێت، ئامانجیان له‌ناوبردنی حه‌ماسه‌.

گوته‌بێژی سوپای ئیسرائیل گوتیشی: "خه‌ڵكی سڤیلی غه‌ززه‌ دوژمنی ئێمە نین، تەنیا شەڕی حەماس دەکەین و ژێرخانه‌ سەربازییه‌كه‌ی له‌ هه‌ر شوێنێك بێت دەکەینه‌ ئامانج. جوڵەیەکی بەرچاوی خەڵکی سڤیلی فەلەستینیمان بینیوە بەرەو باشوور ده‌ڕۆن، خەڵک گوێ بۆ هۆشدارییەکەمان دەگرێت و لە ناوچە مەترسیدارەکە دەچنە دەرەوە."

جۆناسان كۆنریكۆس ئاماژە بەوەش دەکات، چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس رێگری له‌ کۆچکردنی خەڵکی سڤیلی فەڵەستینی‌ له‌ناوچه‌كانیان دەگرن، "بەڵام هەوڵدەدەین هاووڵاتییانی مەدەنی له ‌ناوچه‌كانی شه‌ڕ دووربخه‌ینه‌وه‌ بۆ ئەوەی کەمترین زیانیان به‌ربكه‌وێت. "

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووه‌، دوای هەفتەیەک لە بۆردوومانی توندی هێزەکانی ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 300 باڵەخانە لە کەرتی غەززە وێرانبوون. دەزگای مرۆیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی ناسراو به‌ "ئۆچا" ده‌ڵێت، پێنج هەزار و 540 یەکەی نیشتەجێبوون وێران بوون و نزیکەی سێ هەزار و 750 خانووی دیکەش بەڕێژەیەک زیانیان پێگەیشتووە کە ئیتر بە کەڵکی نیشتەجێ بوون نەماون.