سینەماکارێکی ناوداری ئێرانی لەگەڵ هاوسەرەکەی لە دۆخێکی تەمومژاویدا کوژران

K24 - هەولێر:

داریوش میهرجوری، دەرهێنەری ناوداری ئێرانی لە شاری کەرەجی ناوەندی پارێزگای ئەلبورز بە لەگەڵ هاوسەرەکەی بە کوژراوی دۆزرانەوە.

بەپێی راپۆرتی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، تەرمی داریوش میهرجوویی و هاوسەرەکەی لە ڤێلای تایبەتی خۆیان لە شاری کەرەج دۆزراونەتەوە.

پۆلیسی کەرەج رایگەیاندووە، تەرمی ئەم دەرهێنەرە و هاوسەرەکەی بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی ئۆکتۆبەر دۆزراونەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئیسنا لە زاری محەممەد مەهدی ئەسگەرپوور، بەڕێوەبەری دەستەی بەڕێوەبەرایەتی خانەی سینەما، پشتڕاستی کردووەتەوە (داریوش مێهرجوویی) و (وەحیدە محەمەدیفەر)ی هاوسەری "کوژراون".

باس لەوەش کراوە، لە دەوروبەری کاتژمێر 20:30 بۆ 22:00ی شەوی رابردوو، کوشتنی ئەو دوو کەسە لە ناوچەی زیبادەشت سەر بە قەزای فەرەخەباد لە سنووری کەرەج بووە.

بە گوێرەی میدیا ئێرانییەکان، تا ئێستا ئاشکرا نەبووە چ کەس و لایەنێک لەپشت کوژرانی ئەو سینەماکارە و هاوسەرەکەیەوە بوون.

بەپێی زانیارییەکان، وەحیدە محەمەدیفەر، هاوسەرەکەی داریوش لەم دواییانەدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام رایگەیاندووە، کەسێکی نەناسراو بە چەقۆ هەڕەشەی لێکردووە.

داریوش مێهرجوویی لە 8ـی کانوونی یەکەمی 1939 لە تاران لەدایکبووە لەگەڵ هاوسەرەکەی سێ منداڵیان هەیە.

داریوش، جگە لەوەی دەرهێنەری فیلمی سینەماییە، کاری نووسین و وەرگێڕانیشی کردووە و لە زانکۆی کالیفۆڕنیا لە لۆسئانجلوس خوێندنی تەواو کردووە.