جۆو بایدن بۆ ئیسرائیل: داگیرکردنی غەززە هەڵەیەکی گەورەیە

جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا
جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا

K24 - هەولێر:

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەڵێت، هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە و داگیرکردنی شارەکە هەڵەیەکی گەورەیە، بەڵام لەڕەگەوە دەرهێنانی حەماس و حیزبوڵڵا پێویستییەکی گرنگە.

سەرۆکی ئەمەریکا لە نوێترین هەڤپەیڤینیدا لە بەرنامەی 60 خولەکی کەناڵی CBS باسی لەوەکرد، هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە و داگیرکردنی شارەکە هەڵەیەکی گەورە دەبێت، گوتیشی: حەماس و گرووپە توندڕەوەکان نوێنەرایەتی خەڵکی فەڵەستین ناکەن، بەڵام لەرەگەوە دەرهێنانی حەماس لە باشوور و حیزبوڵڵا لە باکوور پێویستییەکی گرنگە.

بایدن بە پێویستی دەزانێت لە غەززە دەسەڵاتێکی فەڵەستینی هەبێت تا رێگە بۆ دەوڵەتی فەڵەستین خۆشبکات.

ئاماژەی بەوەشدا، ئیسرائیل سوپایەکەی بەهێزی هەیە و شەڕێکی باش دەکات، گوتیشی: من گرەنتی ئەوە دەدەم هەرچییان پێویست بێت پێشکەشیان دەکەین.

سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل، بە بۆچوونی بایدن، گرنگترین شت ئێستا، کۆتاییهێنانە بەم دڕندەییە و لێپرسینەوەیە لەوانەی بەرپرسیارن لە دروستبوونی ئەم دۆخە.

لەبارەی ناردنی سەربازی ئەمەریکی بۆ هاوکاری ئیسرائیل لە شەڕی دژی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکە، بایدن بڕوای وایە لەم شەڕەدا پێویست ناکات سەربازی ئەمەریکی بەشداری راستەوخۆ بکات.

بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی "زریانی ئەقسا"یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە، دواتر ئیسرائیل هێرشی چڕی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، ژمارەی ئەو ئیسرائیلیانەی لەلایەن حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە کوژراون گەیشتووەتە هەزار و 400 کەس، کە لەو ژمارەیە 291 یان سەربازن.

هاوکات، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردەوە، ژمارەی کوژراوان بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە گەیشتووەتە نزیکەی دوو هەزار و 700 کەس، بریندارەکانیش دە هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئاماژەی بەوەشداوە، نزیکەی 50 هەزار ژنی دووگیان لە کەرتی غەززە هەن کە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیان وەک پێویست بۆ دابین نەکراوە.

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرە فەڵەستینییەکان ناسراو بە (ئۆنروا) بڵاویکردەوە، لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا بەهۆی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە کەرتی غەززە ئاوارە بوون.