شا عەبدوڵڵا بۆ ریشی سوناک: بڕینی ئاو و کارەبا و خۆراک لەلایەن ئیسرائیلەوە تاوانی جەنگە

شا عەبدوڵڵای دووەم و ریشی سوناک
شا عەبدوڵڵای دووەم و ریشی سوناک

K24 - هەولێر

شا عەبدوڵڵای دووەم شای ئوردن، داوادەکات جیهان ئیدانەی تاوانە جەنگییەکانی ئیسرائیل بکات، کە ئاو و کارەبا و خۆراکی لەسەر دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بڕیووە.

رۆژی یەکشەممە، شا عەبدوڵڵا لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ئەم کارانەی ئیسرائیل تاوانی جەنگین کە دەبێت جیهان ئیدانەی بکات و رەتی بکاتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئوردنی "پترا" بڵاویکردەوە، لە میانی دیدارەکەدا، شا عەبدوڵڵا ئاماژەی بە پێویستی کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی کردووە بۆ هێنانی هاوکاری پزیشکی و فریاگوزاری بەپەلە بۆ ناو کەرتی غەززە.

.

لە دیدارەکەدا، شا عەبدوڵڵا، داوای راگرتنی شەڕی سەر غەززە و رێگریکردن لە ئاوارەبوونی فەڵەستینیەکان کرد، هۆشدارییشیدا، لە هەر هەوڵێک بۆ ئاوارەبوونی زۆرەملێی فەڵەستینییەکان، چونکە ئەمە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە، هەروەها کاریگەریی کارەساتبار دەکاتە سەر وڵاتانی ناوچەکە.

شا عەبدوڵڵا جەختی کردەوە، کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سیاسەتی سزادانی بەکۆمەڵ بەرامبەر بە دانیشتوانی کەرتی غەززە رەت بکاتەوە.

شای ئوردن دووپاتی کردەوە، پێویستە ئاسۆیەکی سیاسی بۆ دەستەبەرکردنی چانسی گەیشتن، بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمەلایەنە لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتی بنیات بنرێت، کە گەرەنتی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستینی دەکات، بە درێژایی هێڵەکانی 4ـی حوزەیرانی 1967، کە رۆژهەڵاتی قودس دەبێتە پایتەخت.