هەندێک کۆمپانیای فڕۆکەوانی تاوەکو ئێستا گەشتەکانییان بۆ ئیسرائیل نەوەستاندووە
K24 - هەولێر
بەهۆی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل کە ماوەی 10 رۆژە بەردەوامە، زۆرینەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی گەشتەکانییان بۆ ئیسرائیل هەڵوەشاندەوە، بەڵام هێشتا هەندێک وڵات گەشتی ئاسمانی بۆ ئەو وڵاتە ئەنجام دەدەن.
بەگوێرەی ماڵپەڕی گلۆبس، ئەو وڵاتانەی گەشتی ئاسمانی ئەنجام دەدەن بریتین، لە هێڵی ئاسمانی سربیا و هێڵی ئاسمانی ئەسیوپیا کە گەشتی سنووردار ئەنجام دەدەن، لەلایەکی دیکەوە هێڵی ئاسمانی ئیتیحاد رۆژانە گەشتێکی ئاسمانی لە نێوان تەل ئەڤیڤ و ئەبوزەبی ئەنجام دەدات، هەروەها فڵای دوبەی، رۆژانە دوو گەشتی ئاسمانی لە نێوان ئیسرائیل و ئیماراتدا ئەنجام دەدات.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمپانیای بلوبێرد، گەشتی ئاسمانی هەیە لەنێوان تەل ئەڤیڤ و شارەکانی یۆنان وەکو، هیراکلیۆن و ئەسینا و لارانکای قوبرس.
یەکەم کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی کە داوای راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئیسرائیل کرد، هێلی ئاسمانی ئەمەریکا ئێرلاینز بوو.
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئیسرائیل، کە بەگوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراوە.
وەزارەتی تەندروستی غەزە ئەمڕۆ دووشەممە،16ـی تشرینی یەکەمی 2023، رایگەیاند، بەهۆی بۆردومانە چڕەکانی ئیسرائیل، دوو هەزار و 750 فەڵەستینی کوژراون و نۆ هەزارو 700 کەسیش برینداربوون.