ناتانیاهۆ: کار بۆ لەناوبردنی هەڕەشەکانی سەر ئیسرائیل دەکەین

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، هەموو هێزەکانمان رێکخستووە بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە بتوانین بەسەر حەماس سەرکەوین، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، حەماس داعش و کۆپی نوێی نازییەکانە.

ئەمڕۆ دووشەممە (16ـی تشرینی یەکەمی 2023) بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەمیانەی گوتیارێکدا رایگەیاند، حەماس دەیەوێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاسست بەرەوە تاریکی ببات، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، هەموو هێزەکانیان رێکخستووە بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە بتوانن بەسەر حەماس سەرکەون.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەبارەی مەترسی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لە سنووری لوبنانەوە هەڕەشە لە ئێران و حزبوڵڵا دەکات و دەڵێت: "ئەو هەڵەیەی جارێک کردتان دووبارەی مەکەنەوە، چونکە ئەمجارە باجەکەی زۆر قورستر دەبێت و  هەروەکو سەرۆک بایدن گوتی: "ئەو کارە مەکەن"، منیش پێیان دەڵێم ئاگاداربن."

بنیامین ناتانیاهۆ، لە کاتی پێشکەشکردنی گوتارەکەی لە کنێست، حەماسی بە داعش و کۆپی نوێی نازییەکان ناوبرد، هەروەها لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەی کنێست، چەکدارانی حەماس لە غەززەوە ژمارەیەک مووشەکیان ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد، ئەمەش بووە هۆی دواخستنی دانیشتنەکە.

بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی "زریانی ئەقسا"یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە، دواتر ئیسرائیل هێرشی چڕی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، ژمارەی ئەو ئیسرائیلیانەی لەلایەن حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە کوژراون گەیشتووەتە 1400 کەس.

هاوکات، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردەوە، ژمارەی کوژراوان بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە گەیشتووەتە نزیکەی 2750 کەس، بریندارەکانیش دە هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئاماژەی بەوەشداوە، نزیکەی 50 هەزار ژنی دووگیان لە کەرتی غەززە هەن کە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیان وەک پێویست بۆ دابین نەکراوە.

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرە فەڵەستینییەکان ناسراو بە (ئۆنروا) بڵاویکردەوە، لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا بەهۆی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە کەرتی غەززە ئاوارە بوون.