بارزانی: شایستەترین وەڵام بۆ قوربانیدان بەدیهێنانی سەربەخۆیی و ئازادییە بۆ گەلی كوردستان

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پەیامێك بڵاودەكاتەوە

K24 - ھەولێر

بەبۆنەی ساڵیادی ئەنفالكردنی بارزانییەكان مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "شاییستەترین وەڵام بۆ قوربانیدان و كارەساتە یەك لە دوای یەكەكانی گەلەكەمان و باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدان و ئەنفال بەدیهێنانی سەربەخۆیی و ئازادییە بۆ گەلی كوردستان".

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستاندا ھاتووە: "لەیادی ئەنفالی بارزانییەكاندا بەپێویستی دەزانم سوپاسی خەڵكی ئازیز و خۆشەویستی دەشتی هەولێر و هەریر و سۆران بكەم كە لە ڕۆژە تاریك و ناخۆشەكاندا كوردانە و مەردانە هاوسۆزی بارزانییەكان بوونە و یارمەتییان داون و ئازاری بارزانییەكانیان بە ئازاری خۆیان زانیوە".

 

دەقی پەیامەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ئەمڕۆ یادی ڕۆژێكی جەرگبڕ و تاریكە لە مێژووی گەلەكەمان. بەر لە سی و سێ ساڵ ڕژێمی بەعس بەشێوەیەكی دڕندانە هەشت هەزار پیاوی بارزانیی پیر و گەنجی هەر لە تەمەنی نۆ ساڵی هەتا پیرەمێردی نەوەد ساڵ ڕاپێچی بیابانەكانی باشووری عێراق كرد و بەشێوەیەكی نامرۆڤانە كۆمەڵكوژی كردن. ئەو تاوانە ئەڵقەیەك بوو لەو زنجیرە كارەسات و قوربانیدانانەی بەسەر ڕۆڵەكانی گەلی كوردستاندا هاتووە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و ئەنفالی گەرمیان و كیمیانبارانكردنی هەڵەبجە بگرە هەتا تەعریب و ڕاگواستن و پەلاماری تیرۆریستان و تاوان لەدژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان. هەرچەندە كارەساتەكان دڵتەزێن و گەورەن بەڵام ئازادی و سەربەخۆیی ئەوە دەهێنێ لەپێناویدا قوربانی بدەین و، بۆ سەربەخۆیی قوربانیدان بەهایەكی هەرزانە.

وەك بارزانییەك هەست بە سەربڵندی دەكەم كە بارزانییەكان لەپێناو ڕزگاری و سەربەخۆیی گەلی كوردستاندا قوربانییان بەخشیوە و نەهامەتیی زۆریان بینیوە. بە درێژایی سەدەی بیستەم هەر لە 1905 كە شۆڕشی شێخ عەبدوسەلامی بارزانی بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەستی پێكرد گوندی بارزان شازدەجار لە لایەن دوژمنانی گەلی كوردستان سوتێنراوە و وێران كراوە بەڵام هیچ جار بارزان سەری بۆ دوژمن شۆڕ نەكرد و خۆی بەدەستەوە نەدا و هیچ كات ئیرادەی نەشكا و لەسەر ڕێبازی خۆی بەردەوام بوو. ئەو ڕێبازەی جێگەی شانازیمە و لەسەری پەروەردە كراوم، ڕێبازێك كە زوڵم و ژێردەستی قبوڵ ناكات، پەروەردەیەك كە تێیدا دین ئەخلاقە و ژیانی بندەستی مردنە و مردن لەپێناو سەربەستیدا ژیانە.

لەیادی ئەنفالی بارزانییەكاندا بەپێویستی دەزانم سوپاسی خەڵكی ئازیز و خۆشەویستی دەشتی هەولێر و هەریر و سۆران بكەم كە لە ڕۆژە تاریك و ناخۆشەكاندا كوردانە و مەردانە هاوسۆزی بارزانییەكان بوونە و یارمەتییان داون و ئازاری بارزانییەكانیان بە ئازاری خۆیان زانیوە. سوپاسی شێرەژنانی بارزانی دەكەم كە كەسوكاریان ئەنفال كران و ساڵانی زۆر و ماوەیەكی درێژ بۆ منداڵەكانیان هەم باوك بوونە و هەم دایك. تەحەمولی لەدەستدانی ئازیزان و ئازار و سەختییەكانیان كردووە و سەربەرزانە ڕۆڵەكانیان لەسەر كوردایەتی و ڕێبازی ڕاست پێگەیاندووە.

شاییستەترین وەڵام بۆ قوربانیدان و كارەساتە یەك لە دوای یەكەكانی گەلەكەمان و باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدان و ئەنفال بەدیهێنانی سەربەخۆیی و ئازادییە بۆ گەلی كوردستان.

بژی كوردستان

نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی

مسعود بارزانی

31ـی 7ـی 2016