ئەمڕۆ 16ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکرێتەوە
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ 16ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە سەرپەرشتی چەند دامەزراوەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و بە بەشداری کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان بەڕێوەدەچێت و چەند رۆژێک دەخایەنێت.
وریا فەیسەڵ، بەڕێوەبەری فرۆشتن لە پێشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆژانە لە کاتژمێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆ تا 6:00ـی ئێوارە کراوەیە و ئەمڕۆ دەستپێدەکات و پێنج رۆژ دەخایەنێت.
ئاماژەی بەوەشدا، کۆمپانیا بیانییەکان لە 13 وڵاتەوە بەشداری پێشانگەکە دەکەن.
وریا فەیسەڵ گوتیشی: بۆ یەکەمجار کۆمەڵێک کۆمپانیای بواری خانووبەرە لە ئیماراتەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لەم پێشانگەیە، هاوکات چەندین کۆمپانیای مسیری، تورکی و ئێرانی بەشداری لە پێشانگەکەدا دەکەن.
شایەنی باسە، دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 وەک سپۆنسەری میدیایی بەشداری لە پێشانگەکەدا دەکات.