نوێترین زانیاری لەبارەی سکاڵاکەی لوئەی سەڵاح لەسەر یانەی هەولێر
تاوەکو ئێستا کێشەکانی یانەی هەولێر بۆ بەشداریکردن لە خولی پیشەگەرەکانی عێراق چارەسەر نەکراون، بەرپرسانی یانەکەی قەڵاومنارە لەگەڵ لوئەی سەڵاح کۆبوونەتەوە بەبێ ئەوەی بگەنە رێککەوتن، 48 کاتژمێری چارەنووسساز چاوەڕێی یانەی هەولێر دەکات.
شاندێکی یانەی هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەی لوئەی سەڵاح و وەرگرتنی رەزامەندیی بۆ بەشداریکردن لە خولی پیشەگەرەکانی عێراق لە بەغدایە، لە دوێنێ دووشەممەوە بەرپرسان و نوێنەرانی یانەکەی قەڵاومنارە لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی مۆڵەتی بەشداریکردنی یانەکە لە وەرزی نوێی خولی پیشەگەرەکانی عێراق وەربگرن.
تاوەکو ئێستا یانەکانی تەڵەبە، نەفتی وەسەت، نەجەف، مینا و هەولێر مۆڵەتی بەشداریکردنیان لە وەرزی نوێی خولی پیشەگەرەکانی عێراق پێنەدراوە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق تاوەکو سبەی چوارشەممە دەرفەتی بەو پێنج یانەیە داوە کێشە و کەموکوڕییەکانیان چارەسەر بکەن.
وەلید عارەب، سەرۆکی یانەی هەولێر لە بەغداوە لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 رایگەیاند:'لەگەڵ لوئەی سەڵاح دەستمان بە گفتوگۆ کردووە و ئامادەیە لە بەشێکی پارەی گرێبەستەکەی خۆش بێت کە بڕەکەی 430 ملیۆن دینارە، بەڵام ئێمە داوامان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کردووە بەبێ ئەوەی کەیسەکەی لوئەی سەڵاح یەکلا ببێتەوە، رەزامەندیی بەشداریکردنمان پێبدرێت، چونکە ساڵانێکی زۆرە ئەم بابەتەی لوئەی لە ئارادایە و هەموو وەرزێک بەشداریی خولی عێراقمان کردووە'.
هەروەها سەرۆکی یانەکەی پایتەختی هەرێمی کوردستان گوتیشی :'بۆ ئەوەی سکاڵایەکەی لوئەی سەڵاح کە لە لێژنەی کاروباری یاریزانەکان لەسەر یانەکەمانی تۆمارکردووە روون ببێتەوە، داوای تەواوی بەڵگەنامە و نووسراوەکانمان کردووە، چونکە ناکرێت لەسەر کۆپییەکی نووسراوێک سکاڵا لەسەرمان تۆمار بکرێت و وەکو بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە هەژمار بکرێت'.
بەهۆی سکاڵایەکی لوئەی سەڵاح کە داوای 430 ملیۆن دینار گرێبەستی وەرزی 2014/2015 لە یانەی هەولێر دەکات، تاوەکو ئێستا هەولێر مۆڵەتی بەشداریکردنی لە خولی پیشەگەرەکانی عێراق بەدەست نەهێناوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 لوئەی سەڵاح ئامادەیە بە نیوەی پارەی گرێبەستەکەی لە سکاڵایەکەی خۆش بێت، بەڵام بەرپرسانی یانەی هەولێر سوورن لەسەر ئەوەی لوئەی سەڵاح هیچ مافێکی لەلای ئەوان نییە.