پیاوێک لە بەغدا لەلایەن دوو ماتۆڕسوارەوە کوژرا

وێنەی کوژراوەکە
وێنەی کوژراوەکە

K24 - هەولێر:

پیاوێک بەناوی عەلی مەحموود، لە بەغدای پایتەختی عێراق لەلایەن دوو ماتۆڕسوارەوە کوژرا و هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کەسی نزیکی بنەماڵەی سەددام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بووە و هەندێكیش دەڵێن، رۆژنامەنووس بووە.

سەبارەت بە کوژرانی عەلی مەحموود، هەندێک سەرچاوە باس لەوەدەکەن، ناوبراو رۆژنامەنووسێکی عێراقییە کە لە بواری کەیسەکانی گەندەڵی کاری کردووە و لە بەغدا لەلایەن دوو ماتۆڕسوارەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.

سەرچاوەیەکیش لە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق رایگەیاند، عەلی مەحموود لە سەردەمی رژێمی پێشووی عێراقدا یەکێک بووە لە سەرکردەکانی نێو حزبی بەعس و کەسێکی نزیکی بنەماڵەی سەددام حوسێن بووە.

ئاماژەی بەوەشدا، ناوبراو دوای رووخانی رژێمی بەعس بووەتە بەرپرسی "پۆستە و گەیاندنی نهێنی"، کە نامەی سەرکردایەتی حزبی بەعسی لە قەتەرەوە گەیاندووەتە شانەکانی ئەو حزبە لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و رۆژئاوای عێراق.

حزبی بەعس، لە 7ی نیسانی ساڵی 1947 لە لایەن میشیل عەفلەقەوە دامەزراوە و دوو باڵی سەرەکی له‌ عێراق و سووریا ھەبوو و لە عێراقدا لە 8 شوباتی 1968 لە رێگەی کودەتای سەربازییەوە بۆ یەکەمجار حوکمی گرتووەتە دەست.

دروشمەکانی بەعس دروشمی شۆڤینی بوون و لە ماوەی حوکمڕانی ئەو حزبەدا بە ئاگر و ئاسن لە ھەوڵی سڕینەوە و پاکتاوکردنی ناسنامە و نەژادی نەتەوەکانی دیکەدا بوون بەتایبەتی نه‌ته‌وه‌ی کورد.