کۆشکی سپی تاوتوێی پێشنیازە نوێیەکەی ئێران دەکات
گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ خەریکی لێکۆڵینەوە و تاوتوێکردنی پێشنیازێکی نوێی تارانە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لە بەرانبەر دواخستنی دۆسیەی ئەتۆمی.
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پشتڕاستی کردەوە کە ئێران پێشنیازێکی بۆ "کردنەوەی هاوبەشی گەرووی هورمز" پێشکەش کردووە، بە جۆرێک کە مەلەفی ئەتۆمی بۆ قۆناغێکی تری دانوستانەکان دوابخرێت.
لیڤیت گوتی، "سەرۆک ترەمپ و تیمی ئاسایشی نیشتمانی بەیانی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە و پێدەچێت هێشتا بەردەوام بێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم پێشنیازە."
گوتەبێژی کۆشکی سپی جەختی کردەوە کە هەرچەندە پێشنیازەکە تاوتوێ دەکرێت، بەڵام "هێڵە سوورەکانی ترەمپ سەبارەت بە ئێران زۆر ڕوونن، چ بۆ گەلی ئەمریکا و چ بۆ خودی ئێرانییەکان."
ئەم پێشنیازەی ئێران لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ فشارێکی بێوێنەی ئابووری و سەربازیی خستووەتە سەر تاران، و پرسی گەرووی هورمزیش یەکێکە لە گرنگترین خاڵەکانی ململانێکە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی هەیە.
هاوکات بەپێی زانیارییەکانی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، پلانی ئاشتییەکەی ئێران لە سێ قۆناغی سەرەکی پێکدێت:
قۆناغی یەکەم: راگرتنی دەستبەجێی جەنگ و وەرگرتنی گەرەنتیی پێویست بۆ ئەوەی پێکدادانە سەربازییەکان جارێکی دیکە دەستپێنەکەنەوە.
قۆناغی دووەم: دواخستنی مەلەفی ئەتۆمی: ئێران داوای کردووە کە لەم قۆناغەدا هیچ گفتوگۆیەک لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەکرێت و بۆ ئایندە دوابخرێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ئاسانکردنی گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست.
قۆناغی سێیەم: سەرەڕای پێشنیازی کردنەوەی گەرووەکە، تاران بە نێوەندگیرەکانی راگەیاندووە کە سوورە لەسەر ئەوەی مافی کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز بە دەستی خۆیەوە بمێنێتەوە.