'لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق پیلانگێڕییەکی گەورە لەدژی یانەی هەولێر دەکرێت'
بە گوتەی ئەندامێکی لێژنەی پێداچوونەوە لەناو فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق پیلانگێڕی لەدژی یانەی هەولێر دەکرێت و هەموو هەوڵێک دەدرێت یانەکەی قەڵاومنارە مافی بەشداریکردنی لە خولی پیشەگەرەکانی عێراق نەبێت.
نەوزاد سابیر پارێزەری راوێژکار لە لێژنەی پێداچوونەوە لە دەستەی دادوەری لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 لەبارەی چارەنووسی کەیسی لوئەی سەڵاح و وەرگرتنی رەزامەندیی بۆ بەشداریکردنی یانەی هەولێر لە خولی پیشەگەرەکانی عێراق رایگەیاند:'بەهۆی دەستێوەردان لە کارەبارەکانی لێژنەکەمان وەکو هەڵوێستێک و لەپێناوی دروستکردنی فشار کۆبوونەوەی لێژنەی پێداچوونەوەم بەجێهێشت، چونکە سەرۆکی لێژنەی پێداچوونەوە و بەڕێوەبەری یاسایی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە رێنمایی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێ دەستێوەردان دەکەن و ئەگەر لەسەر ئەم کارەیان بەردەوام بن ئەوا دەستلەکار دەکێشمەوە'.
هەروەها گوتیشی:'جگە لە من، ئەندامێکی دیکەی لێژنەکەش ئامادە نەبوو بەشداریی کۆبوونەوەی لێژنەی پێداچوونەوە بکات لەبارەی یەکلاکردنەوەی کەیسەکەی لوئەی سەڵاح، بەرپرسانی وەرزشی کوردستانیشمان لەو دەستێوەردانە ئاگادار کردووەتەوە'.
بەهۆی سکاڵایەکی لوئەی سەڵاح لەسەر یانەی هەولێر کە داوای پارەی گرێبەستی وەرزی 2014/2015 لە یانەکەی کوردستان دەکات، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ئامادە نییە رەامەندیی بداتە یانەکە بۆ ئەوەی بەشداریی لە وەرزی نوێی خولی پیشەگەرەکانی عێراق بکات، لەکاتێکدا بەرپرسانی یانەکە پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن رەزامەندیی بەشداریکردنیان پێبدرێت بەبێ ئەوەی چاوەڕێی چارەسەرکردنی کێشەکەی لوئەی سەڵاح بکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لوئەی سەڵاح رازییە نیوەی پارەی گرێبەستەکەی کە 430 ملیۆن دینارە لە یانەی هەولێر وەربگرێت لە بەرامبەر کشاندنەوەی سکاڵایەکەی، بەڵام بەرپرسانی یانەکەی پایتەخت دەیانەوێت رەزامەندیی بەشداریکردن لە خولی پیشەگەرەکان وەربگرن بەبێ ئەوەی رەچاوی یەکلاکردنەوەی کەیسەکەی لوئەی بکرێت، کە سبەی چوارشەممە دوایین وادەیە بۆ پێدانی رەزامەندیی بە یانەکان بۆ بەشداریکردن لە خولی پیشەگەرەکانی عێراق.