ئەحمەد ئەلمەنزەری بۆ كوردستان24: خه‌ریكه كه‌رتی ته‌ندروستی غه‌ززه داده‌ڕمێت
K24 – هەولێر:
تا ئێستا زیاتر له 3000 كه‌س له‌غه‌ززه به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل كوژراون، له‌مباره‌یه‌وه بەڕێوەبەری هەرێمی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایده‌گه‌یه‌نێت، نه‌خۆشخانه‌كانی غه‌ززه پڕبوونه له بریندار. گوتیشی: "خه‌ریكه كه‌رتی ته‌ندروستی غه‌ززه داده‌ڕمێت".
دکتۆر ئەحمەد ئەلمەنزەری بەڕێوەبەری هەرێمی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە قاهیرەوە به كوردستان24ـی راگه‌یاند، دۆخی ته‌ندروستی له غه‌ززه زۆر سه‌خته، ئه‌گه‌ر هاوكاری زیاتر نه‌گات، ژماره‌ی گیان له‌ده‌ستدان به‌رزده‌بێته‌وه.
باسی له‌وه‌شكرد، توانای نه‌خۆشخانه‌كان و ژماره‌ی برینداره‌كانی غه‌ززه هاوتا نیین، ئامێره ته‌ندروستییه‌كان به‌ش ناكات و ژووره‌كان پڕن له بریندار، وێڕای بێ كاره‌بایی و كه‌می ئاو و سووته‌مه‌نی كه دۆخی برینداره‌كان به‌ره‌و خراپتر ده‌بات.
هۆشداریشیدا، خه‌ریكه كه‌رتی ته‌ندروستی غه‌ززه داده‌ڕمێت.
روونیشیكرده‌وه، به‌داخه‌وه له ئێستادا ناتوانین هاوكارییه‌كان بگه‌یه‌نین و ئیسرائیل رێگه نادات هاوكارییه‌كان بگه‌نه غه‌ززه.
گوتیشی: 15 كارمه‌ندی ته‌ندروستی تا ئێستا به‌هۆی هێرشه‌كانه‌وه بۆسه‌ر نه‌خۆشخانه‌كان كوژراون، جیا له‌وه‌ش به‌هۆی كه‌می خۆراك و ئاو و كاره‌با مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی له غه‌ززه ده‌كرێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین ئه‌مڕۆ بڵاویكرده‌وه، به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆسه‌ر كه‌رتی غه‌ززه له‌وه‌ته‌ی 7ـی ئه‌م مانگه‌وه، ژماره‌ی كوژراوه‌كان 3000 هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاند.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین، 12500 كه‌سیش به‌هۆی هێرشه‌كانه‌وه برینداربوون.
بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی "زریانی ئەقسا"یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە، دواتر ئیسرائیل هێرشی چڕی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد.
سوپای ئیسرائیلیش پێشتر رایگەیاندووە، ژمارەی ئەو ئیسرائیلیانەی لەلایەن حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە تا ئێستا کوژراون، گەیشتووەتە 1400 کەس.