بەهۆی پاڵپشتیکردنی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوە دەستی لەکارکێشایەوە
K24 - هەولێر:
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەهۆی مامەڵەکردنی ئیدارەی جۆ بایدن لەگەڵ ململانێکانی ئیسرائیل و غەززە دەستی لەکارکێشایەوە و رایگەیاند، ناتوانێت زیاتر پشتیوانی لە یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل بکات، وەڵامی ئیدارەی ئەمەریکای بە "کاردانەوەی بێباکانە" وەسفکرد کە لەسەر بنەمای "ئیفلاسی فیکری" دامەزراوە.
جۆش پاوڵ، بەڕێوەبەری کاروباری گشتی و کۆنگرێس بووە لە نووسینگەی کاروباری سیاسی-سەربازی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، کە مامەڵە لەگەڵ گواستنەوەی چەک دەکات.
رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردەوە، دەستلەکارکێشانەوەی جۆش پاوڵ، ئاماژەیەکی روونە بۆ کێشەی ناوخۆیی بەهۆی پاڵپشتی بەهێزی ئیدارەی بایدن بۆ ئیسرائیل، کە نزیکترین هاوپەیمانی ئەمەریکایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆژنامەکە، ئەم پێشهاتە بە شتێکی نائاسایی گشتیی و ناڕەزایەتی لەناو سیاسەتی دەرەوەی جۆو بایدن وەسف دەکات.
جۆش پاوڵ، بەرپرسی باڵای نوسینگەی کاروباری سیاسی-سەربازی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لینکدئین دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی رایگەیاند و گوتی: بەڵێنێکم بە خۆم دا، تا ئەو کاتەی هەست دەکەم، چاکەکانم لە سەروو خراپەکانمەوە دەبن، لە پۆستەکەم بمێنمەوە.
پاوڵ زیاتر لە 11 ساڵە لەناو ئەو کارەدایە، کە تێیدا پەیوەندییەکانی کۆنگرێس و پەیامی گشتی بۆ ئۆفیسی سەرۆکی ئەمەریکا رێکدەخات، کە مامەڵە لەگەڵ یارمەتییە سەربازییەکان دەکات، پاوڵ ئاماژەی بەوەشکرد، ناتوانێت قبوڵی ئەوە بکات و بەردەوام بێت لە کارێک کە بەشدار بووە لە کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی فەڵەستینی.
دەستلەکارکێشانەوەی ئەم بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەکاتێکدایە کە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا دوێنێ سەردانی ئیسرائیلی کرد و رایگەیاند، سەردانەکەی بۆ تەلئەڤیڤ بە مەبەستی ئەوە بوو کە خەڵکی ئیسرائیل و جیهان بزانێت ئەوان لەگەڵ ئیسرائیل وەستاون و، ویستوویەتی، دڵنیاببێتەوە لەوەی ئیسرائیل ئەوەی پێویستی پێیەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی حەماس لەبەردەستی دایە.