پۆلیسی ئێران: بکوژی سەرەکی هونەرمەند داریوش میهرجوویی دەستگیرکرا
K24 - هەولێر
پۆلیسی ئێران رایگەیاند، بکوژی سەرەکی، دەرهێنەر داریوش میهرجوویی، دەستگیرکردووە، کە رۆژی شەممەی رابردوو، لەگەڵ هاوسەرەکەیدا بە چەقۆ کوژرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری پۆلیسەوە بڵاویکردەوە، بەهۆی "پشکنینی تەکنیکی و لێپرسینەوە، توانرا بکوژی سەرەکی هونەرمەندەکە لەنێو ئەو کەسانەی کە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون دەستنیشان بکرێت".
پۆلیس ئاماژەی بەوەشکرد، "هێشتا لێکۆڵینەوە بەردەوامە بۆ دەستنیشانکردنی هاوبەشەکانی ئەم تاوانە و دۆزینەوەی لایەنە شاراوەکانی".
رۆژی شەممەی رابردوو، هونەرمەندی بەناوبانگی سینەمای ئێرانی داریوش میهرجوویی، تەمەن 83 ساڵ لەگەڵ هاوسەرەکەی، وەحیدە محەمەدی فەر، سیناریۆنووسی تەمەن 54 ساڵ، لە ناو ماڵەکەیان لە کەرەج لە رۆژئاوای پایتەختی ئێران کوژران.
ئاژانسی "میزان ئۆنلاین" ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، پۆلیس 10 کەسی دەستگیرکردووە، بەبێ ئەوەی وردەکاری لەبارەی پاڵنەرەکانی ئەو کوشتنە بخاتەڕوو.
ژمارەیەکی زۆر لە دەرهێنەر و هونەرمەندانی ئێرانی رۆژی چوارشەممە، لە رێوڕەسمی پرسەی میهرجوویی و هاوسەرەکەی لە تاران بە سەرۆکایەتی جەعفەر پەناهی، مەسعوود کیمیایی، محەممەد رەسوڵ ئاف و بەهمەن فەرمانەرا بەشدارییان کرد.
ئەحمەد واحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران، بوونی پەیوەندیی لە نێوان کوشتنی میهرجوویی و زنجیرەیەک تیرۆری رۆشنبیرانی ئۆپۆزسیۆن لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی، کە لەلایەن پۆلیسی نهێنی وڵاتەوە ئەنجامدرابوو رەتکردەوە.
حکومەت ئەم تاوانانەی گەڕاندەوە بۆ لایەنە کۆنتڕۆڵنەکراوەکان، لە وەزارەتی ئیتلاعات، کە سزای زیندانیکردنی تاهەتاییان بەسەردا سەپێندرا.