سامان بەرزنجی: لە کابیەنەی نۆیەمدا کار بۆ پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی کراوە

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەم کابینەیەدا چاکسازییەکی زۆر لە کەرتی تەندروستیدا کراوە، هەروەها گوتیشی: هەوڵێکی زۆر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەرمانی نایاسایی دراوە، بەمهۆیەوە رەوەشی دەرمان لە هەرێمی کوردستان بەرەو باشتر چووە.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە کاری بۆ پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان کردووە، هەروەها خەرجییەکی زۆری لەم بوارە کردووە، بە تایبەت بۆ دابینکردنی پێداویستی پزیشکی، دروستکردنی بەشی فریاکەوتن و هۆڵەکانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەکان.

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، لەم کابینەیەدا چاکسازییەکی زۆر لە کەرتی تەندروستیدا کراوە، بە تایبەتی لە بواری دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان، هەروەها  حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵێکی زۆری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەرمان و کاریگەری و نەهێشتنی دەرمانی نایاسایی داوە، بەمهۆیەوە رەوشی دەرمان بەرەو باشتر چووە.

سامان بەرزنجی، دەڵێت: "چاکسازییەکی دیکە کە چووەتە بواری جێبەجێکردن ئەویش رێکخستنەوەی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتە، بە واتەی نەخۆشخانەی حکومی و تایبەتەکان، هەروەها چەندین یاسا دەرکراوە کە جەنابی سەرۆکوەزیران ئاماژەی پێداوە، یاسای ماف و ئەرکەکانی نەخۆش، هەروەها یاسای بەرەنگاربوونەی مادە هۆشبەرەکان، چەندین یاسای دیکەیدا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە لە ئاینەدەدا دەچێتە بواری جێبەجێکردن بە تایبەتی یاسای بیمەی تەندروستی.

لەبارەی پەیوەندی و هەماهنگییەکانی نێوان وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی حکومەتی فیدراڵی، بەرزنجی باسی لەوە کرد، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی فیدراڵی لە پەیوەندییەکی باشداین و هەماهەنگی پتەو هەیە لە نێوانمان، رۆژانە لەگەڵیان لەسەر هێڵێن چەندین شاندی ئێمە سەردانی ئەوانی کردووە و شاندی ئەوانیش سەردانی ئێمەیان کردووە.

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی پرسی دەرمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی گوتی: رێکخستنەکی باشمان کردووە و هەماهەنگیەکی پتەو هەیە لەسەر ئەو بڕیارانەی کە لە عێراق دەردەچێت کە هەرێمی کوردستان بەشدار دەبێت لە دروستکردنی ئەو بڕیارانە.

هەروەها گوتیشی: بابەتی دەرمان لە پشکی هەرێمی کوردستاندا لە بودجەی فیدراڵیدا نییە، داوامانکردووە کە هەرێمی کوردستانیشی تێدا بێبەش نەکرێت و لەسەر ئەو پرسەش قسەمان لەگەڵ بەغدا کردووە و ئەوانیش دڵنیاییان داوە کە داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە (19ـی تشرینی یەکەمی 2023) لە رێورەسمی ئاهەنگی دەرچووانی چەند خولێکی ئەنجوومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆرییە پزیشکییەکان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاردەکەین لەپێناو رێکخستنەوە و گەشەپێدانی سیستەمی تەندروستی گشتی و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان کە زیاتر جێگەی متمانەی هاووڵاتییان بێت.

Fly Erbil Advertisment