توێژەرێک: زۆربەی ئافرەتان لە رێی پیاوەکانیانەوە ئاڵوودەی ماددەی هۆشبەر دەبن

" 203 ئافرەت لە چاكسازیی ئافرەتانی هەولێر راگیراون"

ماددەی هۆشبەر
ماددەی هۆشبەر

K24 - هەولێر

تۆمەتی زۆربەی سزادراو و راگیراوانی چاكسازیی ئافرەتان و نەوجەوانانی هەولێر، جیاوازە و سزادراو و راگیراو لەسەر هەموو ماددەیەك هەن، بەپێی دواین ئامارەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازیی ئافرەتانی هەولێر، 203 ئافرەت راگیراون و 53یان سزا دراون و39 منداڵیان لەگەڵدایە. توێژەرێکی کۆمەڵایەتیش دەڵێت: هۆکاری بوونی ئەو ئافرەتانە لە چاکسازی، زۆربەیان لە رێی پیاوەکانیانەوە فێری ماددەی هۆشبەر دەبن.

هاوکار عوسمان، بەڕێوەبەری بەشی هەماهەنگی چاکسازی ئافرەتان و نەوجەوانانی هەولێر، بە کوردستان24 راگەیاند: "ئێستا 370 کەیسی ماددەی هۆشبەر لای ئێمە هەیە، بە کۆی گشتی هەموو بەندکراوانی چاکسازی، لەو ژمارەیە 78 کەس لە راگیڕاوان کوڕن لەو ژمارەیەدا 30یان سزا دراون، هەروەها 203 کەس راگیراوی ئافرەتن و 53یان سزادراون، 39 منداڵیش هەن کە لەگەڵ دایکیانن لە ناو چاکسازیدا".

لەبارەی دەسگیرکردنی ئافرەتانەوە، هاوکار ئەوەی خستەڕوو کەیسەکان هەموو ماددەیەکی یاسایی تێدایە، زۆرترین ماددە لە راگیراودا، 33 کەیسە بە ماددەی 240 دەسگیرکراون بە رووشاندنی رەوتی دادوەرییە، ماددەی تایبەتمان هەیە لە ئاسایشەوە دێن کە 20 کەیسە، دوای ئەویش 47 کەیسی ماددەی هۆشبەرە لە راگیراوی ئافرەتدا، 37 ئافرەتیش بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکراون.

بەڕێوەبەری بەشی هەماهەنگی چاکسازی ئافرەتان و نەوجەوانانی هەولێر، گوتیشی: "نەوجەوانانی کوڕیش تاوانەکانییان لە رەوشت و لادانی رەوشت و ئادابی گشتی، 12 کەیسە، کوشتن 11 کەسە، زۆرترین کەیسیش دزیکردنە لە نەوجەوان کە 34 کەسن، هۆشبەر14 کەسە، کەیسی ئاسایش 20 کەیسە".

.

دانا شوانی توێژەری کۆمەڵایەتی، بە کوردستان24ی گوت:  "هۆکارەکانی زیادبوونی ماددەی هۆشبەر نەک تەنیا لەناو پیاوان لەناو ئافرەتانیش زیادیکردووە، لەلای ئافرەتان یەکێکە لەو مەترسییانەی کە شیرازەی خێزان بە تەواوی هەڵدەوەشێنێتەوە، هۆکاریش زۆرە، لەبەر ئەوەی فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر فراوان بووە، کە دەبێت حکومەت میکانیزمی تر بگرێتەبەر و سەنتەرێکی چارەسەر کردن بۆ ئەو کەسانەی کە تووشی ماددەی هۆشبەر بوون، بەپێی یاسای هەرێمی کوردستان، بەکارهێنان لەلای بەکارهێنەر وەکو تاوانبار سەیر دەکرێن، پێویستە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بۆ ئەم پرسە دابین بکرێت".

دەربارەی زۆربوونی ماددەی هۆشبەر لەناو ئافرەتان و کێشە خێزانییەکان، ئەو توێژەرە دەڵێت: "زۆربەی ئەو ئافرەتانەی لە چاکسازی راگیراون یان سزا دراون، لە رێی پیاوەکانیانەوە فێربوون، مێردەکانیان سەرچاوەی فێربوونی ئەو ئافرەتانەن".

بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان بووەتە پرسێکی جددی، لەو چوارچێوەیەدا رۆژی15 تشرینی یەکەمی 2023، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆنفرانسی "بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان" لە هەولێر بەڕێوە چوو، لە وتارێكدا سەرۆکی حکومەت، گوتی: "نابێ هیچ كەمتەرخەمییەك لە سزادانی بازرگانیی مادەی هۆشبەر بكرێ".

ئا: لاڤین عومەر